رۆژی یەکشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدەدرێت

  2020-07-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لە رۆژی یەك شەممەدا.

بە گوێرەی نوسراوێكی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پرلەمانی كوردستان كە ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە داوا دەكات رۆژی یەك شەممە ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان.  

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەو نوسراوەیدا كە ئاراستەی پەرلەمانتارانی كردووە ئاماژەی بە نوسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردووە كە لە 16ی تەمووزدا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە تیایدا ئاماژەی بە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كردووە لە رۆژانی 26و27 و28ی مانگدا. 

لە نوسراوەكەدا هێمن هەورامی دەڵێت: بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێَزەكانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە شەشی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان – عێراق، لە كاتژمێر(11)ی پێش نیوەڕۆ رۆژی یەك شەممە 26/7/2020 تكایە لە كاتی دیاریكراودا ئامادەبن. 

ئەو نوسراوە لە كاتێكدایە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە هەردوو كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بەشداری نەكرد، و باس لەوە دەكرێت یەكێتی بڕیاریداوە سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی بەشداری هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان نەكەن ئەگەر بۆ بابەتی موچە و ژیانی خەڵكی نەبێت. 

نوسراوی بانگهێشتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان


نوێکراوەتەوە


ڕیکلام