کەرکوک، لەسەر گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەجمەدین كەریم دەرچوو

  2020-07-23  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
فەرمانی دەستگیركردن بۆ پارێزگاری دوورخراوەی كەركوك و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری شارەكە لەسەر دۆسیەیەكی گەندەڵی دەرچوو.

دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ ٢٣ی تەمموز ڕایگەیاندووە بڕیاری دەستگیرکردن بەپێی ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی پێشێلکردنی بڕیاری سەرووی خۆیان لە دۆسییەی سەقەر کەرکوک(ھەڵۆی کەرکوک) بۆ ژمارەیەک بەرپرسی ئیداری شارەکە دەچووە. 

دۆسیەی ھەڵۆی کەرکوک گرێبەستی پڕۆژەیەکی ئەمنی بوو لەلایەن نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە ساڵی ٢٠١٥ واژۆکراوە، ئەوەش بۆ پێدانی باج و کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی شارەکە، لەبەرامبەر ئەو باجی ھاتووچۆیەی ئۆتۆمبێلەکانیش بڕی ١٥ ھەزار دینار وەردەگیرا. 

سەرچاوەیەک لە دادگای کەرکوک بۆ ژیان ی ئاشکراکرد، دادگا لەسەر زانیاری و چاودێری دەستپاکی شارەکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لێپرسراوی پارێزگای کەرکوک دەرکردووە، ئەو لێپرسراوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بەشدارییان پڕۆژەکە کردووە بە پێچەوانەی بڕیارە ئیدارییەکانی سەروی خۆیان، لەکاتێکدا پڕۆژەکە یاسایی نییە. 

ئەو پڕۆژەیە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ راگیراوە و کاری پێناکرێت و بە گوێرەی زانیاریەکانیش ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ھاتووچۆ، باری شارستانی، پاسپۆرت، نشینگە، پەیوەندی و ھەواڵگری کاردەکەن جگە لە نەجمەدین کەریم کە لە شارەکە نیە.