پەرلەمانی كوردستان خشتەی بەرنامەی كاری دانیشتنی یەكشەممەی راگەیاند

  2020-07-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانی كوردستان كارنامەی دانیشتنی رۆژی یەك شەممەی بڵاوكردەوە و هیچ گفتوگۆیەك لەبارەی موچەی فەرمانبەران ناكات و دەنگیش لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی سۆران عومەر دەدات.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی یەک شەممەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک ئەنجام دەدرێت. 

بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کار کە دانراوە پەرلەمانی کوردستان دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەویە سۆران عومەر ئەنجامدەدات و گفتوگۆش لەسەر راپۆرتی چەند لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان دەکات. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە بڕیاری ئەنجامدانی دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەبوو، ئەوەش دوای ئەوەھات کە یەکێتی رایگەیاند بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن ئەگەر لەبارەی موچە و ژیانی خەڵکەوە نەبێت.

دەقی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان: 

بەرنامەی کار

بەپێی حوکمی ماددەی (٥)و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لەماددەی (١٦)و بڕگەی (سێیەم) لەماددەی (١٨)و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لەماددەی (٢٠)و ماددەکانی (٤٧، ٤٨، ٥٢، ٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان-عیراق، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (٦)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی دووەم لەخولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتژمێر (١١)ی پێشنیوەرۆی رۆژی یەکشەمە رێکەوتی ٢٦/٧/٢٠٢٠، بەمشێوەیە بێت:

یەکەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژەو پێشنیازە یاسایانەی خوارەوە پشت بەستن بە بڕیاری ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢٠ و حوکمی ماددەکانی (٧٩، ٨٠)و بڕگەی (یەکەم) لەماددەی (٨٣)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.

١- پرۆژە یاسای (لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران لەھەرێمی کوردستان).
٢- پێشنیازی یاسای (بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو کەلەپوور لەھەرێمی کوردستان-عیراق).
٣ - پێشنیازی یاسای (ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لەھەرێمی کوردستان-عیراق).

دووەم: دەنگدان لەسەر داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز (سۆران عمر سعید) لەئەندامیەتیی پەرلەمان بەپێی حوکمی خاڵی ( ١، ٢) لەبرگەی دووەمی ماددەی (٢٥) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم: خوێندنەوەی ڕاپۆرت و گفتوگۆکردن سەبارەت بەم بابەتانەی خوارەوە:

١ـ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی ھاوبەشی لیژنەی (کاروباری پێشمەرگەو ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم) سەبارەت بەدۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، بەئا‌مادەبوونی بەرێز (وەزیری ناوخۆ)و (وەزیری کاروباری پێشمەرگە)و (وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانووستاندن لەنێوان ھەرێم و بەغدا)و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان-عیراق.
٢ـ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ھاوبەشی لیژنەی (کاروباری پێشمەرگە)و (ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان)و (پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی) سەبارەت بەدۆخی ناوچە سنوورییەکان.
٣ـ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی تەندروستی سەبارەت بەپەتای (کۆڕۆنا) کۆڤید١٩، بەئامادەبوونی (وەزیری ناوخۆ)و (وەزیری تەندروستی) لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان-عیراق.

چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لەھەرێمی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.

پێنجەم: خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە (دۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان) بەئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری دارایی و ئابووری وەزیری پلاندان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانووستاندن لەنێوان ھەرێم و بەغداو سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان-عیراق.


ڕیکلام