لاھور شێخ جەنگی لە ھەولێرەوە: یەکێتی چەقی ململانێی سیاسیەکان دەھێنێتەوە ئێرە

  2020-07-23  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ھاوسەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر رایگەیاند، بۆ لەمەودوا یەکێتی چەقی ململانێی سیاسیەکان دەبەنەوە شاری ھەولێر و دھۆک و زاخۆ بۆ ھیچ کەسێک چۆڵ ناکەن.

لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە وتارێکدا لە شاری ھەولێر رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوو زۆر ئازاری ئێوەمانداوە ھەرجارێک یەکێتی توشی کێشەیەک بوو بێت یان توشی پاشەکشەیەک بووبێت، چۆن لەکاتێک رۆڵەکانتان لەدەستدا بەھەمانشێوە ئازارمانداون بەھۆی ئەوەی ئازاری یەکێتیەکەمانداوە. 

ئەو لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەیەک لەلایەن حزبەکەوە لە شاری ھەولێر بەڵێنیدا، یەکێتی نوێ بڕیاریداوە لە شێوازی سیاسەتکردنی لە ھەرێمی کوردستان بگۆڕێت بەو شێوازە تەقلیدیە نەبێت کە چەند ساڵی رابردوو کردوویانە، چەقی ململانێی سیاسی بھێننەوە شاری ھەولێر، لە کاتێکدا پەرلەمان و حکومەت و لێرەیە نابیت چیتر ململانێی سیاسی لە سلێمانی بێت و چاوەڕوانی ئەوە بکەن کادر و کەسوکاری شەھیدان شەڕی سیاسیان بۆ بکەن. 

ھاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی: بڕیارمانداوە بگەڕێینەوە ھەولێر بەھێزەوە بگەڕێینەوە، ئێمە لە ھەولێر ململانێی سیاسی خۆمان ململانێی مەدەنی خۆمان بە پشتیوانی ئێوە لێرەوە دەکەین، ئامادە نین دھۆک و زاخۆ بۆ ھیچ کەسێک چۆڵبکەین، ئەمەش بە پشتیوانی ئێوە دەکەین. 

لاھور شێخ جەنگی وتیشی، ئێوە خوێنتان بۆ یەکێتیداوە وەکو قەڵا لە پشتی یەکێتیەکەتان وەستاون، لەمڕۆ بەدواوە دەبێت چاوەڕوانی شتی گەورەبن، بەتایبەتی کەسوکاری شەھیدان، لەبەر ئەوەی لەوانەیە لە چەند ساڵی رابردوو بەھۆی ئەو کێشانەی ھەبووە وەک پێویست خزمەتی کەسوکاری شەھیدان بکات. 

ئاماژەی بەوەشکرد لەدوای تەواو بوونی ئەو قوتابخانەیەی ئەمڕۆ لە شارەکە کردیانەوە بنکەیەکی تەندروستی لە ھەولێریش دەکەنەوە کە تایبەتی دەکەن بۆ کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگە ئەوەش دەبێتە دەستپێک بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو کەسانەی دڵیان شکاوە. 

ئەو ھیوای خواست لە ھەڵبژاردنی داھاتوو یەکێتی ئاستی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، داواشیکرد ئەو خەڵکانەی لە یەکێتی نیگەران بوون بەناوی ئەو بەڵێنیان پێبدەن سەربازێکی بە ئەمەکی کاروانی یەکێتی درێژە پێبدەن. 

شێخ جەنگی وتیشی، ھاوسەرۆکان بونیان لە شارەکە زیاتر دەکەن و چەند مەکتەبێکی یەکێتییش دەگوازنەوە بۆ شارەکە ھەریەکە لە مەکتەبی پەیوەندیەکان و مەکتەبی رێکخراوەکان و بەشێکی مەکتەبی تێکۆشەرە دێرینەکانلە ھەولێر دادەنێن. 



ڕیکلام