یەکێتى: کوردستان مەیدانى خەباتمانە و پایتەختیش چەقى ئەو خەباتەیە

  2020-07-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، هەموو کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتیییە و پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە .

بەشی بەدواداچوون و چاودێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامانجی چالاکی و دیدارەکانی ھاوسەرۆکی یەکێیتی لاھور شێخ جەنگی لە ھەولێری پایتەختی کوردستان بڵاوکردەوە و جەختیکردووەتەوە سەرتاسەری کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتیییە و ھەولێری پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە .

دەقی راگەیەنراوی بەشی بەدواداچوون و چاودێری - مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان :

سەرتاسەری کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتیییە و ھەولێری پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە .

ئەمە نەفەس و ئاراستەی یەکێتییە لە کۆنگرەی نوێبوونەوە کە گێڕانەوەی یەکێتییشە بۆ سەرەتا کوردستانییەکەی کە مامی گەورەمان دایڕشت و بنەمای پێشبرکێی دیموکراتی و ململانێی مەدەنیانەیە لە ھەموو وڵاتێکی دەربەست بۆ دوا رۆژی گەل و نەوەکانی داھاتووش .

چالاکی و دیدارەکانی ھاوسەرۆکی یەکێیتی ھەڤاڵ لاھور شێخ جەنگی لە ھەولێری پایتەختی کوردستان لەگەڵ رێکخستنەکان و رێکخراوەکانی یەکێتی و جەماوەرەکەی و کەسوکاری شەھیدان و دیبلۆماتکارانی وڵاتان جۆشدانەوەی خەباتێکی رەوا و حزبایەتییەکی یەکێتیانەیە. وێستگەیەکی جەماوەری دوای کۆنگرەی چوار و دوای ماوەیەک لە کەرەنتینەی ناچارییە بەھۆی لێکەوتەکانی بەڵای ڤایرۆسی کۆرۆناوە.بۆیە یەکێتییەکانی دڵخۆش کردووە و تینوتاوێکی کوردستانی پێداون. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە سەغڵەت بوونی بەرپرسی لقی دووی بارتی و بەرپرسانی لقەکەی تریانە لە پەروەردەی ھەولێر و میدیای سێبەر و بەر ھەتاویان ، ئەو کاتەی بە بیانووی بێ بنەما بەرپەرچی چالاکییەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی دەدەنەوە. ھەرچەندە ھەقە ئەم سەغلەتبوونەمان پێ موفاجەئە نەبێت چونکە ئەم رەوتە لە سیاسەتی مۆنۆپۆڵی و قۆرخکاری ھەر وای ھێناوە و مەرجیش نییە لەمەدوا بتوانێت تاسەر وا نەقش بێنێتەوە .

جولەی سیاسیی یەکێتی لە ھەولێر و گوتاری ھاوسەرۆک لە میتینگ و لێدوانەکانی لەگەڵ خیتابی کوردستانی یەکێتی و لەگەڵ دیموکراسی و لەگەڵ ئازادی کاری سیاسیی وەک ئەوەی پرۆسەی سیاسیی وڵات دەیخوازێت، یەک دەگرێتەوە. لەگەڵ بنەماکانی دەستووری عێراق کە تا ئێستا چەتری پرۆسەی سیاسیی کوردستان و عێراقیشە یەک دەگرێتەوە و ناکۆک نییە، لەگەڵ رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی کە بنەمای گێڕانەوەی ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینەیە یەک دەگرێتەوە. مەگەر ئەوەیە نەیارەکانی دیموکراسیی و فرەیی نیازێکی تریان ھەبێت و ئەو بنەما دەستووری و دیموکراتیانە، ئەو ویستە کوردستانییە سەرتاسەرییەی دژی دوو ئیدارەیی و دژی زۆنسازی و دوو بەرکییە تەنھا وەک دروشمی بریقەدار بنوێنن و بەرزی بکەنەوە. بۆیە کە لای یەکێتیی جیددییە و راستگۆیە لە پەیڕەوکردنی، وا دەبینین لە لقەکان شڵەژان ھەیە و بەرپەرچدانەوەی ناڕەوا دەنوێنرێت. زمانی زبر و ئاستی نزم و بێ مۆڕالی ئەدەبیاتی لقی دوو و میدیای سێبەریان دەرەقەتی خیتابی روون و رەوانی یەکێتی نایات چونکە خیتابێکی راست و رەوا و دیموکراسییە .

وتەکانی ھەڤاڵ لاھور شێخ جەنگی لە کۆبوونەوەی پێشوازی لە مەڵبەند ، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێرین و لەگەڵ کەسوکاری شەھیدان و رێکخراوە دیموکراتییەکان، لە بۆنەی بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی نموونەیی ، لە دیداری دیبلۆماتکاران لە کۆشکی سپی ، خەڵاتی گەورەی مام بۆ یەکێتی لەھەولێر، دەربڕی سیاسەتی راستەقینەی یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارە و یەکێتییەکان وەک نەخشەرێی نوێبوونەوە رەچاوی دەکەن و کاری حزبی و سیاسیی لەسەر دەکەن .

بۆچی پارتی و لقەکانی و ئەوانەی لە پشت سیاسەت و نیازە گرژەکانەوەن بە خەباتی دیموکراتی و سیاسی لە ھەولێر و زاخۆ و دھۆک قەڵس دەبن؟

کوردستان موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە و ئەگەر بە ھەقی مێژوویی و شەرعیەتی شۆڕشگێرییش بێت خەڵکی کوردستان لەیادیانە یەکێتی لە راپەڕین ھەولێری پایتەختی رزگارکرد و شەریکی یەکەمی ئازادکردنی تەواوی کوردستانە و زۆرترین خوێن و فرمێسکی بۆ ئەم ئازدییە داوە. مەعلومیشە لە ھەڵبژاردنێکی دیموکرات و مەدەنیانەدا ھەولێری نەدۆڕاندووە. بە پێچەوانەوە لە دوای ئاشتی کوردستانیش لەیەکەم ھەڵبژاردنی پارێزگاکان کە لەگەڵ ھی کوردستان و عێراق ساز کرا ناو شاری ھەولێری بردەوە. دیاریشە دیزاینی ھەڵبژاردنی تر چۆن بووە؟

ئێستاش یەکێتی بە ھەمان نەفەسی مەدەنی و ململانێی دیموکراتی سیاسەتی خۆی تاو دەداتەوە کە سیاسەتی لە قاودانی قۆرخکاری سیاسیی، لە قاودانی دوو ئیدارەییە .

سیاسەتی یەکێتی پاراستنی قەوارەی ھەرێمە، ھەموو ھەرێم بە کفری و زاخۆشەوە. سیاسەتی کوردستانێکی دیموکرات و لامەرکەزییە کە بە ناوی کوردستان و نەتەوەوە ناھێڵێ ناوەندێتی و قۆرخکاری بسەپێرێ و باج و سەرانە بەسەر

ھاتوچۆی پارێزگاکان و خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دابنرێت. بەڵکو دەیەوێ چەقی سیاسەتی لە پایتەختەوە بۆ بادینان و دھۆک و تەواوی کوردستان پەرەپێبدا بۆ ئەوەی شەوقی بەر کەرکوک و لەوێشەوە بەر تەواوی عێراق بکەوێت ، چونکە ھەر عێراقی دەستووری و فیدرالی دەتوانێ یارمەتی کوردستان بدات کە بێ دەبابەی سوپای تورک موڵکی ھەموو کوردستانییان بێت .

ئەم سیاسەتە راوەستانی بۆ نییە چونکە سیاسەتێکی راستەقینە و دیموکرات و مەدەنیانەیە و خۆی لەسەر گرژی و زمانی زبری ئاست نزم پەک ناخات