پارتی بە فەرمی وەڵامی یەكێتی دەداتەوە

  2020-07-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی یەكێتی نیشتیمانی دەداتەوە و دەڵێت، ململانێی سیاسی نەك ھەر رەوایە، بگرە ژیانی سیاسی رەنگدار دەكات، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەكەن ھەمیشە براوە بن.


لە راگەیەندراوێكدا دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی راگەیەندراوێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی دایەوە و نیگەرانی خۆی لەو زمانە نیشاندا، كە راگەیەندراوەكەی یەكێتیی پێ نووسراوە.

لەو راگەیەندراوەدا كە وەك وەڵامێك نوسراوە هێرش دەكاتە سەر یەكێتی و ئاماژە بەوە دەكات، ئەو زمانەی بەیاننامەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی پێنوسراوە زمانێكی گرژی گرفتخوڵقێنە و ناتوانێت چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بێنێتە نێو پرۆسەی سیاسیی كوردستان.

دەقی راگەیەندراوەكەی پارتی:

لە راگەیاندراوێكی ئینفیعالییانەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، بە نێوی (ھەموو كوردستان مەیدانی خەباتی یەكێتییە و پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە) باس لە نەفەسێكی نوێی یەكێتی دەكات، كە گوایە نەفەسی دوای كۆنگرەی چوارەمیانە، لە رێگەی خستنەڕووی ئەو نەفس و ئاراستەیەیش، راگەیاندراوەكە ھێرش دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش، بە تایبەت لە ناوھێنانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەولێر وەك لقێكی پارتی!.. جارێ ئەم زمانەی راگەیاندراوەكەی پێ نووسراوە، كە پێدەچێت لە سەرووی خۆیانەوە دەقەكەیان بۆ رەوانە كرا بێت، زمانێكی گرژی گرفتخوڵقێنە و ھێندەی گرێبینە نیشتیمانبین نییە و ناتوانێت چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بێنێتە نێو پرۆسەی سیاسیی كوردستان، بەتایبەت لەم قۆناغە ھەستیارەدا، كە جەماوەری خۆشەویستی كوردستان چاوەڕوانی لێكتێگەیشتنی زیاتری حزبە سیاسییەكانی كوردستانن.

بۆ وەڵامی ئەم راگەیاندراوەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، زۆر بە كورتی دەڵێین:

- ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای یەكێتی، كە لە راگەیاندراوەكەیاندا ناوی بە نەفەس و ئاراستەی نوێ ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەكێتی، كە ئەمەیان بۆ خۆی جێی ھەڵوەستە و پرسیارە!.. ئەوا دەبێ پرسیار بكەین: ئەم سیاسەتە كوردستان بەرەو كوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەكێتی بەرەو كوێ؟! .. رێك و رەوان دەمانەوێت بڵێین: ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە، دژ و ناكۆكە بە روانگە و پەیام و دوا وەسیەتەكانی جەنابی مام جەلال و تێكۆشەرەكانی دەوری مام جەلال، سیاسەتێكە نەك ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەكێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەكێتیش بنكۆڵ دەكات و دوور یا نزیك بناغەكانی خۆیشی ھەڵدەتەكێنێتەوە!..

-  ئەوانەی راگەیاندراوەكەیان داڕشتووە، پێدەچێت زۆر شارەزای مێژوو و پارتی دیموكراتی كوردستان نەبن، جارێ پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی سەرانسەریی كوردستانی كۆكەرەوەی نیشتیمانییە و ئامانجی كۆكردنەوەی ھەموو ھێز و شیان و تواناكانە لە پێناو ئازادیدا، لە كوێ پیلانی دوژمنان ھەبووبێت، پارتی لەبەرامبەریدا، پێشمەرگانە لە سەنگەردا وەستاوە و مێژوویش شاھێدە و تەنانەت شەھیدەكانی ئەم دواییەی پردێ و سحێلایش ئەم راستییە رۆشنتر دەكەنەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان واتە پڕۆژەی وەستانەوە بەڕووی پیلاندا !.. 

- ئیشكالیەتێكی تری نێو راگەیاندراوە ئینفیعالییەكەی یەكێتی ئەوەیە، كە دوو چەمكی جیاوازی وەك: (ململانێی سیاسی) و (دوژمنایەتی) لێ تێكەڵ بووە، جا نازانین ئەم تێكەڵكردنە، لە بێئاگایی بووە، یان لە بە ئاگایی !!.. گرنگ دەبێ داڕێژەرانی راگەیاندراوەكە ئەو راستییە بزانن، كە ململانێی سیاسی بەشێكە لە پرۆسەی سیاسی و پارتی دیموكراتی كوردستان نەك ھەر قەناعەتی قووڵ و نەگۆڕی بە ململانێی سیاسی ھەیە، بەڵكو لە زۆر وێستگەی مێژووییدا دەستپێشخەر و بگرە لە پێناویدا قوربانیشی بەخشیوە.

- ململانێی سیاسی نەك ھەر رەوایە، بگرە ژیانی سیاسی رەنگدار دەكات و جۆرێك لە زەنگینیی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كلتووری و ئابووریش لەگەڵ خۆیدا بۆ كۆمەڵگاكان دەھێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەكەن ھەمیشە براوە بن، ئەوانەی دێنە نێو ململانێ سیاسییەوە، دەبێ پشوودرێژ و مەدەنیانە قۆڵی لێ ھەڵبكەن و لەھەر دۆڕانێكا قینچكەتەنگ شتێك نەشكێنن و بەشوورەییەوە داخلی مێژوو نەبن!..  سەبارەت بە پیلان و ھەڕەشەش، دوو جار سنوور و جارێك بەغدا شاھێدن، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڕەشە شكێنە !..

- زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناكۆكی، زیان بە خاوەنەكەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانیتر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری كێشەكان و خزمەتكردنی ھاوڵاتییان، روو لە بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بكرێت و ئیتر كۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدیاییە بێت و رۆژانی بەر لە جەژن بكەینە رۆژانی تەبایی و چارەسەری كێشەكان.

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24ی 7ی 2020


ڕیکلام