سەرجەم مزگەوتەکانى سلێمانى و هەولێر بەمەرج دەکرێنەوە

  2020-07-25  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دواى داخستنیان بڕیارە ئەمڕۆ سەرجەم مزگەوتەكانی سلێمانی و هەولێر تەنها بۆ نوێژە فەڕزەكان بکرێنەوە، بەڵام نوێژی هەینى و جەژن لە مزگەوتەكان بەڕێوەناچێت .

فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەرى گشتى ئەوقافى سلێمانى بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیەند، بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە خۆپارێزیەکان، لە ئەمڕۆ شەممە 25ى تەمموزى 2020، بە فەرمى دەرگاى سەرجەم مزگەوتەکانى سلێمانى بە ڕووى نوێژ خوێناندا دەکرێتەوە.

وتیشى، کردنەوەى دەرگاى مزگەوتەکان تەنها بۆ ئەنجامدانى نوێژە فەرزەکانە و بەڵام لە یەکەم ڕۆژى جەژندا بە بڕیارى وەزارەتى ئەوقاف نوێژى جەژن ناکرێت،

 ئاماژەى بەوەشکرد، کردنەوەى مزگەوتەکان بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستى و خۆپارێزیەکانى کۆرۆنا دەبێت، هەر مزگەوتێکیش رێنماییەکان جێبەجێنەکات دایدەخەن، لە رێگەى تیمەکانى پشکنینى تەندروستى چاودێرى مزگەوتەکان دەکرێت.

 روونیکردەوە، مزگەوتەکانى  ناو بازاڕ کە نزیکەى 35 مزگەوتە نابێت بەهیچ شێوەیەک نوێژى جەماعەتى تێدا ئەنجام بدرێت، چونکە خەڵکێکى نەناسراو دەچنە مزگەوتەکان ئەوەش مەترسیدارە بۆ بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا، بەو هۆیەوە مزگەوتەکانى ناوبازاڕ تەنها دەستنوێژى تێدا هەڵدەگێرێت و تەوالێتەکانى دەکرێنەوە.

لە سنورى پارێزگاى سلێمانى نزیکەى هەزار و 500 مزگەوت هەیە و دواى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بە بڕیارى حکومەت دەرگاى سەرجەم مزگەوتەکان داخران، لە چوارچێوەى رێکارە خۆپارێزیەکان لە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

هاوکات لاى خۆشیەوە سدیق کەپرانی، بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی ھەولێر بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، هەر ئەمڕۆ سەرجەم مزگەوتەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، بەڕووی نوێژخوێنان دەکرێنەوە. بەڵام، بە مەرج و ڕێنمایی تەندروستی .

وتیشى، دەبێت نوێژخوێنان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و دەمامک و دەستکێش ببەستن.

لەبارەى وتارى هەینى و نوێژى جەژن ناوبراو وتى،  وتاری ھەینی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و نوێژی جەژنیش ناکرێت، بەڵام، ئەگەری گۆڕانکاریش ھەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، دەرگای مزگەوتەکان داخران، بەڵام دواتر بەڕەچاوکردنی دۆخەکە و ڕێککاری تەندروستی مزگەوتەکان کرانەوە و دواتر داخرانەوە.


داڕشتنەوە: شادان حەسەن 


ڕیکلام