نێچیرڤان بارزانی: هیوادارم پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەین

  2020-07-25  | 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: AA
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیوادارە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكرێت و دەشڵێت دۆخی نالەباری هەرێم یەكڕیزی و تەبایی هەموو لایەنەكانی پێویستە.

نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان كرد و رایگەیاند: گۆڕان لایەنێكی‌ كاریگەر و سەرەكیی پێكهاتەی حكومەت و پرۆسەی سیاسیی كوردستانە، هەڵوێستەكانیشی بەرپرسیار و خەمخۆرانەن.

لە پەیامەكەیدا سەرۆكی هەرێم هیوای خواستووە گیانی هاوكاری و پەرەی پێ بدرێت و دەشڵێت "دۆخی نالەبار و كێشە و قەیرانەكان كە بەرۆكی كوردستانیان گرتووە، یەكڕیزی و تەبایی و پیكەوەیی لە هەموو لایەك دەخوازێت تا بتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین". 

ئەو لە پەیامەكەیدا  هیوای خواستووە "پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بكەین و هەنگاوی زیاتر بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بنێین".

بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 25ی تەموزی 2009 وەك قەوارەیەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا راگەیەندرا و لە سەرەتادا 25 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا بەڵام لە ئێستادا تەنها خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانی كوردستانە.  


ڕیکلام