کەشناسی هەرێم: پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە

  2020-07-25  | 
سلێمانی، گەڕەکی سەرچنار
فۆتۆ: شۆڕش عەزیز
هەولێر
 ئەحمەد حاجی سامی
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی دیکەی گەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و تا کۆتایی هەفتەش بەردەوام دەبێت .

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەرزدەبنەوە و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی هەفتە بخایەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی وەرزی گەرمی، کاریگەری ئەو پاڵەپەستۆیەش لەسەر تەواوی ناوچەکانی عێراق و کوردستان دەبێت .

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ئەو پاڵەپەستۆیە چالاکتر دەبێت و تێکڕای پلەکانی گەرما ٨ بۆ ٩ پلە بەرز دەبنەوە و بەرزترین ڕێژەی پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، بەپێی پێشبینییەکان لەم هەفتەیەدا پلەی گەرمی لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و کەرکوک و خانەقین تا مەخموور، بۆ زیاتر لە ٥٠ پلەی سەدی بەرزبێتەوە.

بەڕێوبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلی گەرمایە تاوەکو ھەینی داهاتوو بەردەوام بێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژن و ڕۆژانی دواتر وردە وردە پلەکانی گەرما نزمببنەوە و کاریگەری نزمە پاڵەپستۆی وەرزی گەرمی کەمتر بێتەوە.