لیژنەی وەرزش و لاوان داوای لێكۆڵنەوە لە ڕوداوەكەی بەسرە دەكات

  2020-07-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمانی عێراق داوای لێكۆڵنەوەی بەپەلە دەكات لە هۆكاری هەرەسهێنانی دامەزراوەیەكی وەزرشی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان لە پارێزگای بەسرە .

لیژنەكە  لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، پێویستە دۆسیەكی لێكۆڵنەوە بكرێت لە هەرەسهێنانی باڵەخانەیەكی كرێ كە لەسەر زەوییەكی سەر وەزارەتی وەزرش و لاوان بووە و خاوەندارییەتی دەگڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی پارێزگای بەسرە .

داواشكراوە بە پێداچوونەوە بە شێوازی وەبەرهێنان و چاودێری هونەری ئەو پرۆژانەی كە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی هەڵە و ڕوداوی لەوشێوەیە دووبارە نەبێتەوە .

لیژنەكەی پەرلەمان سەرسوڕمانی خۆشی نیشانداوە لە جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی وەبەرهێنا، بێئەوەی چاودێری هونەری و ئەندازیاریی بكرێت .

ئەمڕۆ لە ئەنجامی هەرەسهێنانی باڵەخانەیەكی وەرزشی لە شاری بەسرە كە هێشتا تەواو نەكراوە، ژمارەیەك كرێكار گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیش بریندار بوون .

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەسرە رایگەیاند، تیمەكانیان توانیویانە لەژێر ئاسن و جەمەلۆنە روخاوەكانی ئەو پرۆژە وەرزشییەدا حەوت كرێكار ڕزگار بكەن و تەرمی سیانی دیكەش دەربهێننەوە .

هەموو ئەو كرێكارانەی لەڕێگەی  ئامێرەكانی بڕینەوە و كەرتكردنەوە دەرهێنراونەتەوە، چونكە سەرجەمیان كەوتوونەتە ژێر شێلمان و ئاسنە قورسەكانەوە.



ڕیکلام