بێگەر تاڵەبانی:کێشەی موچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو چارەسەرکرا

  2020-07-26  | 
بەنداوی دەربەندیخان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، ئەمشەو کێشەی موچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو چارەسەرکراوە.

بێگەرد تاڵەبانی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاگانی ئاو لە پەیوەندی بەردەوام دابووین، بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆك كۆمار بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ئەمشەو لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنی پێی راگەیاندین كە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق چارەسەری ئەم كێشەیی كردووە، بڕیار دراوە لەم هەفتەیە مووچەكانیان خەرج بكرێت. 

دەشڵێت، لێرەدا سوپاسی جەنابی سەرۆک کۆمار و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و ھەردوو لیژنەی کشتوکاڵ و لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین.
بێگەرد تاڵەبانی فەرمانبەرانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاگانی ئاو دڵنیاکردۆتەوە كە لەپەیوەندی بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لەم هەفتەیە مووچەكانیان خەرج بكرێت.

ڕۆژی  پێنجشەممە 23ی تەمموز،کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە بایکۆتی دەوام دەکەن لە فەرمانگەکانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو مووچەکانیان دابەشدەکرێت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوەشکرد، بەنابەدڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان هەڵدەسپێرن، چونکە لە توانایاندا نەماوە. هەروەها بەرپرسیش نین لە ڕوودانی هەر کارەساتێکی نەخوازراو لە بەنداوەکان یان سەلامەتیی ژیانی دانیشتووانی خوارووی بەنداوەکان.





ڕیکلام