كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

  2020-07-26  | 
 ئەحمەد حاجی سامی
دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا بڕیاری دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بۆ كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ دووشەمە 2020/7/27 دا.


پەیامنێری ژیان رایگەیاند، بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارتی كە نایانەوێت راستەوخۆ بۆ میدیا قسە بكەن ئاماژە بەوە دەكەن كە دواخستنی دانیشتنەكە لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی بووە. 


دەقی راگەیەندراوەكە: 

راگەیەندراوێك لەسەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە

دوای راوێژ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ لێكگەیشتنی نێوانیان، بڕیارماندا بەدواخستنی دانیشتنی ژمارە (6)ی ئاسایی وەرزی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەمە 2020/7/27، بەهەمان بەرنامەی كاری راگەیەنراو.

دوای ئەو راگەیەندراوەش رێواز فایەق بە نوسراوێکی فەرمی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دواخست بۆ سبەی دووشەممە، هاوکات هەر لەو راگەیەندراوەدا سەرۆکی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ دووشەممە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاند  کۆبوونەوەکە لەسەر داخوازی فراکسیۆنی یەکێتی دواخراوە و سبەینێ ئەوانیش بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان دەکەن.