مەحما خەلیل: جارێكی دیكە ئەگەری كۆچی پێچەوانەی ئێزدییەكان هەیە

  2020-07-26  | 
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال کە تائێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ قەزاکە
فۆتۆ: AA
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەحما خەلیل رایگەیاند، لە ئێستادا ئێزدییەكان 25%ی كۆی ئاوارەكانی عێراق پێكدەهێنن، دوای گەڕانەوەشیان بۆ ناوچەكانی خۆیان جارێكی دیكە بەهۆی دۆخی خراپی ژیانیان ئەگەری كۆچی پێچەوانەیان هەیە.

مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال، كە ئێستا كەسێكی دیكە لە شوێنی دانراوە، هۆشداریدا لە كۆچی پێچەوانەی ئێزدییەكان، بەهۆی ئەو دۆخە خراپ و نالەبارەی لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا هەیە.

ناوبراو لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرباری تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر كارەساتی ئێزدییەكان ، بەڵام هێشتا هیچ بایەخێكی نیشیمانی و نێودەوڵەتییان پێ نادرێت، پەراوێزخراون و روبەرووی جینۆسایدی بەكۆمەڵی ئابوری و جوگرافی و خزمەتگوزاری و مێژوویی و سیاسی دەبنەوە. 

خەلیل هۆشداریداوە لەوەی، ئەو پەراوێزخستنەی ئێزدییەكان بەردەوام بێت، هیچ بایەخێك نەدرێت بە باشتركردنی دۆخی ئێستایان، ئەوا بێگومان بەم نزیكانە كۆچی پێچەوانە دەبینرێت.

ڕوونیكردووەتەوە دۆخی ژیانی ئێزدییەكان لە ناوچەكانی خۆیان هیچی كەمتر نییە لە ژیانی ئاوارەیی، هێشتا خانووەكانیان وێرانە و هیچ سەرچاوەیەكی بژێوییان نییە، یان دەبێت ڕووبكەنەوە ژیانی خێمە یان لە كرێچێتیدا بمێننەوە. 

مەحما خەلیل پێش هاتنی داعش بۆ ناوچەكانیان قایمقامی شارەكە بوو، بەڵام لەدوای رزگاركردنی لەلایەن بەشێك لە هاوڵاتیانی شنگالەوە رێگری لێكرا بگەڕێتەوە، لە شوێنی ئەو كەسێكیتر وەك قایمقام دانرا و ئەویش لە ئێستادا هەروەك قایمقام خۆی پێناس دەكات. 

ناوبراو راشیگەیاند، لە مانگی حوزەیران و تەموزدا 2500 خێزان گەڕاونەتەوە، بەوەش ئەوانەی لە ساڵی رابردووەوە گەڕاونەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 100 هەزار كەس.

راشیگەیاند، هێشتا پێشێلكاری لە دژی ئێزدییەكان بەردەوامە لە دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵیان لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، كە ترسێكی زۆریان لەناو خەڵكی ناوچەكەدا بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی ئەو پەراوێزبوون و گوێ پێنەدانەی كە حكومەتی ناوخۆیی و ناوەندیی كردوویانە دەرقەت بە ئێزدییەكان.

لەو بەیاننامەیەدا وتوشیەتی: سەرژمێری نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی ئاوارەكانی عێراق دەریدەخات، ئێزدییەكان لە 25%ی سەرجەم ئاوارە عێراقییەكان پێكدەهێنن، سەرباری ئەوەی ئێزدییەكان لە عێراق كەمینەیەكی ئایینین، بەڵام زۆرترین ئاوارە و كۆچبەر و گۆڕی بە كۆمەڵ و بێسەروشوێنكراویان هەیە لەم دەیەیەی رابردوودا.

رۆژی 4ی ئاب2014 رێكخراوی داعش هێرشی كردە سەر ناوچە ئێزدینشینەكان بەهۆی نەبوونی هیچ بەرگریەكی چەكداری رێكخراوەكە ژمارەیەكی زۆری لە ئێزدیەكان كوشت و ژمارەیەكی دیلكرد وەك كەنزیكە بەكاریهێنان و ئەوانەی دیكەشیان لە ناوچەكە ئاوارەبوون،