وردەكاری مەرجەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بڵاوكرایەوە

  2020-07-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەرجە نوێیەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لەدەرەوەی وڵات بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل 2018 تەنیا لەدەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابوری دەبێت .

بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەرجە نوێیەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بڵاوكراونەتەوە و یەكەم مەرجیش پەیوەستە بە بوونی ئێرباگ و سیستمی ABSی لە ئۆتۆمبێل، بەجۆرێك ئۆتۆمبێلی جۆری پاس لە 14 نەفەر كەمتر، دەبێت بەلایەنی كەمەوە دو ئێرباگی هەبێت و لە 14 نەفەر بەرەو سەرەوەش مەرج نیە ئێرباگی هەبێت .

لەنوسراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لەدەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابوری دەبێت، هەروەها هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی قەڵغان (درع)یش تەنها لەدەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە، لەگەڵئەوەشدا ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەهەمان رسوماتی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن تۆماردەكرێت.