بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك: 90%ی خەڵكی دهۆك پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی نابن

  2020-07-27  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مازن شنگالی
بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك رایگەیاند خەڵكی دهۆك 90%یان پابەند نابن بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا ئەوەش مەترسی هەرە مەزنە لەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە.

نزار عسمەت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە پارێزگاكە تا ئێٍستا 708 كەس لە كەرەنتیندا ماونەتەوە، لەسەرەتاوە تا ئێستا 409 نەخۆش تۆمار كراوە 315 كەس چاكبوونەتەوە و هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان لە پارێزگاكە نەبووە.  

ناوبراو وتیشی: ژمارەیەك نەخۆشمان هەیە كە لە ئێٍستادا لەژێر چاودێری چڕدان، بەگوێرەی ئەنجامەكانی پشكنینیش رێژەی 1%ی پشكنینەكان پۆزەتیف هاتونەتەوە كە ئەوەش رێژەیەكی دڵخۆشكەرە. 

ئەو روونیكردەوە لە مانگی ئایارەوە رۆژانە نحاڵەتی نوێ تۆمار دەكرێت و رێژەكە بەرەوبەرزبوونەوە دەچێت، ئەو حاڵەتانەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە هاتونەتە شارەكە 59%یان لە پارێزگاكانی عێراقەوە هاتونەتە پارێزگاكە و ئەوانەشی لە هەولێر و سلێمانیەوە هاتوون زیاتر لە 8% و ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون تەنها 27 نەخۆش بوون و ئەوانەشی لە ناو دهۆكدا بوون 16% بوون و ژمارەیەك لە خەڵكیش سەرچاوەكەیان نادیارە. 

نزار عسمەت راشیگەیاند، 60%ی نەخۆشەكان لە كەرەنتینەكاندا دەستنیشانكراون دوای ئەویش ئەوانەبوون كە لە زاڵگەكاندا دەسنتیشانكراون، مەترسیەكەش ئەوەیە 90%ی خەڵكی پارێزگاكە پابەندی رێنماییە خۆپارێزیەكان نابن ئەگەر ژمارەكەش زیاتر ببێت ئەو خۆ نەپاراستنەی خەڵكی زۆر مەترسیدارتر دەبێت. 

هەروەها وتیشی، مەترسی چون و هاتن بۆ دەرەوەی پارێزگاكە یەكێكی دیكەیە لە مەترسیەكان و ئاڵۆگۆڕی بارهەڵگرەكانیش رێگەیەكی دیكەیە بۆ دروستبوونی مەترسی و بوونی ئیبراهیم خەلیل وەك دەروازیەكی سنوری مەترسیەكە كە لەوێوە هاتوچۆ دەكرێت ئەوەش بۆخۆی مەترسیەكی دیكەیە. 

بەڕێوەبەری تەندروستی روونیكردەوە كەرەنتین كردن لە ماڵدا ئەگەر خەڵكی پابەندنەبن بە رێنماییەكانەوە مەترسیەكە زیاتر دەكات، نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزیش كە پێشبینی دەكەن لە مانگەكانی داهاتوودا زیاتر ببێت بەهۆی ئەوەی نیشانەكانی هاوشێوەی كۆرۆنایە مەترسیەكان زیاتر دەكات.