ئەوەی نامەكەی ساختە كردبێت بەناوی ئەو كەسەی خۆی خنكاند لە هەڵەبجە دەدرێتە دادگا

  2020-07-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی هەڵەبجە لەبارەی خۆخنكاندنی ئەو گەنجەی دوێنێ هەڵەبجە روونكردنەوە دەدات و رایگەیاند، ئەو كەسە كێشەی خێزانی هەبووە و بەهۆی نەبوونیەوە خۆی نەخنكاندووە و نامەكەش ساختەیە.

بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی خۆكوشتنی هاوڵاتییەك لە باخی گشتی شارەكە و بڵاوبوونەوەی نامەیەك بە ناوی ئەوەوە، رایگەیاند ئەو خێزانە باری ئابوریان باشە و كێشەی ئابوری نەبووە. 

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند: كاوە كەسێكی كەم دەرامەت نەبووە، بەڵكو موچەی بەركەوتنی چەكی كیمایی، موچەی كەمئەندامی، موچەی زیندانی سیاسی و موچەی وارسی شەهیدانی كە هی دایكیەتی هەبووە. بەمانەش مانگانە موچەی نزیكەی یەك ملیۆن دینار داهاتی هەبووە، جیا لەوەش بنەماڵەكەی خاوەن گەراج و كەسابەتی خۆیانن و لە هەڵەبجە ناسراون خۆشی پیشەی جیاوازی كردووە.

پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەشی راگەیاند كاوە محەمەد ئەمین، كە دوێنی خۆی خنكاند لە گەڵ ماڵی هاوسەرەكەی كێشەی هەبووە و هەفتەی رابردووش هەڕەشەی خۆكوشتنی كردووە، ئەو نامەیەشی باسی لێوە دەكرێت راستی نیە و بڕیاریانداوە لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكەن هەركەسێك ئەو كارەی كردبێت روبەڕووی دادگا دەكرێتەوە. 

ئەوەش هاوكاتە لەوەی ئەمڕۆ ئەو نامەیە لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە وەك راستی خرایەڕوو داوایانكرد ئەو منداڵانەی كاوە لەژێر چاودێریدا بهێڵدرێنەوە.