سەرۆكی حكومەت لەبارەی سكاڵا لەسەر رۆژنامەنوسان روونكردنەوە دەدات

  2020-07-27  | 
دۆسیە:  سەرۆکی حکومەت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ئەوەی دەنگۆی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر رێبوار كەریم وەلی رۆژنامەنوسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی بڵاوكرایەوە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نوسینگەی سەرۆكی حكومەت دەڵێت هەر سكاڵایەك هەبێت داواكاری گشتیە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، رەتیدەكاتەوە سكاڵایان لەسەر هیچ رۆژنامەنوسێك تۆمار كردبێت و دەڵێت "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی لە دژی هیچ ڕۆژنامەنووسێك تۆمار نەكردووە". لە روونكردنەوەكەدا وتشیەتی "ئەو سكاڵانەی كە ھەبووە لە لایەن داواكاری گشتییەوە بووە لە سەر ئەو كەسانەی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و ڕاگەیاندنی كەرەنتین، گومانیان دەخستە سەر ھەبوونی پەتاكە و خەڵكیان بۆ سەرپێچی لە رێنماییە تەندروستییەكان ھان دەدا".

ئەوەش دوای ئەوەهات كە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان ئاشكرایان كرد كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سكاڵای لە دژی رێبوار كەریم وەلی رۆژنامەنوسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی تۆمار كردووە، نوسینگەی سەرۆكی حكومەت دەڵێت "ئەم بابەتەش تەنیا پەیوەندیی بە داواكاری گشتییەوە ھەیە".