نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

  2020-07-27  | 
ئابوری
نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی زێڕ بەشیوەیەکی بێوێنە بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد.

لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی دووشەممە ٢٧ی٧ی٢٠٢٠، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی ئاسیادا گەیشتە هەزار و ٩٤٣ دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە کە تائێستا تۆمارکرابێت، هەر چەندە دوای چەند کاتژمێرێک نرخەکە کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

پێشتر و دوای هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەری ئەمریکا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە هەزار و ٩٢١ دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ ریکۆردێکی نوێ تۆمارکرا.

زۆرجار لەکاتی قەیرانی ئابوریدا نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە کە ئاستی داواکاری لەسەر ئەو جۆرە لە سەرمایەگوزارییە بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەبڕوای بەشێک لە ئابوریناسان، هۆکاری سەرەکی بۆ تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و چین دەگەڕێتەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا و بەهۆکاری جیاجیا، چەندین جار لە نێوان واشنتن و پەکین-دا ناکۆکی دروستبووە، لەئێستاشدا هەردوولا کۆنسوڵخانەکانی یەکتریان داخستووە، حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا کونسوڵخانەی چین لە شاری هیۆستن دابخات و لەبەرامبەردا حکومەتی چین کونسوڵخانەی ئەمریکای لە شاری چێنگدۆ داخست.

جگە لەوەش چەند هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێر، لەوانەش دابەزینی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دراوە جیهانییەکاندا و هەروەها نیگەرانی وڵاتان لەبارەی دۆخی ئابوری جیهانی، پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.



ڕیکلام