بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی، پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئابوری دەکات

  2020-07-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا دۆخی دارایی و ئابوری هەرێم تاوتوێدەکرێت و وەزیری داراییش ئامادەی دانیشتنەکە دەبێت

بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە تەوەرەی یەکەمدا خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابوری  سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابوری کوردستان دەکات.

 لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و ئابوری و وەزیاری پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لە نێوان  هەرێم و بەغدا  و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادە دەبن.

تەوەرەی دووەمی دانیشتنەکە تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان.

لە راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستاندا باس لە هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیە کراوە کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە.

 لە ڕاپۆرتەکەدا خراپی ئابوری هەرێم بۆ ئەم هۆکارانە گەڕێندراوەتەوە:

١-  پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە رێژەی %85
٢-  بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات
٣- نەبوونی پێناسەیەکی دیاریکراوی سیستەمی ئابووری
٤-  دەستوەردانی عێراق لە بەشە بودجەی کوردستان
٥- گەندەڵی، بەهەدەران و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەی داهات
 
لە ڕاپۆرتەکەدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2020ی عێراقدا و ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە روونکراوەتەوە، کە تریلیۆنێک و 759 ملیار دینار بە چوار بەش لە بەغداوە نێردراوە. هەر جارێک لەو پارەیە 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار دراوەتەوە قەرزی بانکە ئەهلییەکان و کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دراوەتەوە بانکە ئەهلییەکان لەو چوار جارەی کە عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە  47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. بۆیە پوختەی پارەی هاتوو، تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار بووە، واتە دوای دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلییەکان. 
 
بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی ، بەغدا سێ جار 453  ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جارێكیش تەنیا 400 ملیاری ناردووەو دوو مانگیشە بەغدا هیچ پارەیەکی نەناردووە. ئەو پارەیەی بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ناردوویەتی، 959 ملیار دینار کەمترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو. 
 
داهاتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە بۆ مانگەکانی یەک، دوو  و سێ ، 345 ملیار و 203 ملیۆن دیناری مانگانە بووە، هەر مانگێک ئەو بڕە پارەیە داهاتی فرۆشتنی نەوت بووە، کۆی داهاتی ئەو سێ مانگەی سەرەتای 2020 بەپێی راپۆرتەکە تریلیۆنێك و 35 ملیار و 610 ملیۆن دینار بووە. 

بەپێی راپۆرتەکە مانگانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان حکومەتی هەرێم 283 ملیار و 424 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لە هەرسێ مانگەکەشدا 850 ملیار و 272 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە. ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانانیش مانگانە 20 ملیار و 700 ملیۆن دیناریان وەک مووچەی پێشـمەرگە داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، واتە لە شەش مانگەدا 124 ملیار و 200 ملیۆن دینار لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرجکراوە.
 
 بەپێی راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، سێ تریلیۆن و 580 ملیار دینار چوار مووچەی لە ئەمساڵدا پێ دابەشکراوە، هەروەها 700 ملیار دیناری دیکەش مووچەی پێنجەمی پێ دابەشکراوە، کە دەکاتە مووچەی مانگی شووبات و دوایین مووچە کە فەرمانبەران وەریانگرتووە.
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 222 ملیار و 787 ملیۆن دینار لە بەشە بودجەی عێراق ماوەتەوە. 20 ملیار و 700 ملیۆنیش هاوپەیمانان مانگانە ناردوویانە، 90 ملیار دیناریش داهاتی نێوخۆ بووە. جگە لەوەش 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار داهاتی سامانە سرووشتییەکان بووە لە مانگەکانی چوار و پێنج و شەش. 120 ملیار دیناریش لە دەوڵەمەندەکان بۆ مووچە قەرزکراوە و دراوەتە حکومەت، واتە کۆی داهاتەکان 736 ملیار و 911 ملیۆن دینار بووە لای حکومەت.
  
لە دوا بەشی راپۆرتەکەدا  20 راسپاردە ئاراستەی حکومەت کراون، کە وەکو پێشنیازن بۆ باشکردنی دۆخی دارایی، بریتین لە: 
 
-گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لەسەر بنەمای دەستوور بەردەوام بێت.
-داوای نێوبژیوانی لە UN بکرێت و عێراق بە ناردنی بودجە پابەندبکرێت.
-بە بیری مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکرێت.
- پێشینەی حکومەت پەیداکردنی داهات بێ بۆ مسۆگەرکردنی مووچە.
-جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
- ناردنی یاسای بودجەی گشتی بۆ پەرلەمان. 
- کەمکردنەوەی باج و سوودی بانکی لەسەر خەڵك. 
-چاکسازیکردن لە سەرچاوەی داهات. 
-پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان.
- وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا گەورەکان.
- کۆنترۆڵکردنی سەرجەم خاڵە سنوورییەکان.
-پێداچوونەوە بە کاری کۆمپانیاکان لە خاڵە گومرگییەکان.
-تەنیا وەزارەتی دارایی پسووڵەی داهاتی هەبێت. 
- هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە گومرگییەکان. 
-دانەوەی قەرزی حکومی لای خەڵك لە رێگەی مووچەی پاشەکەوتکراو.
-پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و قەرزەکانیان.
-وەرگرتنەوەی زەویوزاری موساتەحە و فرۆشتنیان. 
- کەمکردنەوەی خەرجی دامودەزگا حکومییەکان.
- گرنگی زیاتری کاری هاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومەت.
- بەیاساییکردنی بیرەکانی ئاو و دانانی کاژێری خوێندنەوەی ئاو.



ڕیکلام