ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كوژرانی خۆپیشاندەرانی بەغدا ئاشكرا كرا

  2020-07-28  | 
دوای رووداوەکانی شەوی 26ی ئەم مانگە شوێنی خۆپیشاندانەکان
فۆتۆ: AFP
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی لە كوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی بەغدای ئاشكراكرد و دەڵێت، كۆمەڵە كەسێكی گێرەشێوێن پشێوی دروستدەكەن داوای هاوكاری كردنیشیان لە خۆپیشاندەران كردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامی سەرەتایی لێكۆڵینەوەكان لەرووداوەكانی شەوی 26ی ئەم مانگە دەركەوتووە، گروپێكی گێرەشێوێن و تێكدەر لە گۆڕەپانی تەحریر پشێویان دروستكردوە و هێرشیانكردوەتەسەر خۆپیشاندەران و لەهەمانكاتیشدا پێكدادانیان لەگەڵ هێزە ئەمنیەكان دروستكردووە.

ئەو وەزارەتە رەتیكردووەتەوە هێزە ئەمنیەكان بە هیچ جۆرێك چەكیان بەكار هێنابێت و دەڵێت: ئەو هێزانە پابەنی بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوون. 

بەیاننماەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوای ئەوەهات كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمانیكردبوو بەزووترین كات لێكۆڵینەوەی ورد لە كوشتنی ئەو دوو خۆپیشاندەرە بكرێت، ئەو وەزارەتە دوای لێكۆڵینەوەكانیان داوایان لە خۆپیشاندەران كرد كە هاوكاری هێزە ئەمنیەكان بكەن بەهۆی ئەوەی ئەركی پاراستنی مەیدانی تەحریریان لەسەرشانە. 

لە ئەنجامی ئاڵۆزی لە شەوی 26ی ئەم مانگە دوو خۆپیشاندەر بە فیشەك كوژران و 11 خۆپیشاندەری دیكەش بریندار بوون و دوێنێش سەرۆك وەزیران فەرمانی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بەپەلەی لە رووداوەكە كردبوو. 


ڕیکلام