بەڕێوەبەری پۆلیسی كەلار 40 ملیۆن دینار قەرز دەكات و دەیداتە كارمەندەكانی

  2020-07-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری پۆلیسی كەلار 40 ملیۆن دینار قەرز دەكات و بەسەر فەرمانبەرەكانیدا دابەشی دەكات، تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم موچە دابەشدەكات.

ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەلار، بەهۆی نەبوونی موچە، بڕێك پارە وەك هاوكاری بۆ پۆلیس و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی ئامادە دەكات لەو بارەیەوە رایگەیاند، من دەمزانی بەهۆی دۆخی موچەوە رەوشی كارمەندەكانم خراپە بۆیە بۆ ئەم جەژنە هاوكاریمكردن و ئەو پارەیەم بۆ دابینكردن. 

ناوبراو لەو بارەیەوە بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی روونیكردەوە، ئەو كارەم بۆ ئەوە نەكرد كە موقابەلە بكرێم بەڵكو ئەوە وەك هاوكاریەك بوو بۆ ئەو پۆلیس و كارمەندانەی كە موچەیان وەرنەگرتووە، وەكو برایەكی خۆیان ئەو بڕە پارەیەم بۆ دابینكردوون تا ئەو كاتەی موچە وەردەگرن. 

ئەو پارەیەی ئەو بەڕێوەبەرەی پۆلیس بەخشیویەتیە فەرمانبەرەكانی بڕی 40 ملیۆن دینارە و قەرزی كردووە بۆ ئەوەی بیداتە كارمەندەكانی، ئەو بەڕێوەبەرە داواش لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات، وەك چۆن لە ماوەی رابردوو بڕی یەك ملیۆن دیناری داوەتە ئۆتۆمبێل بۆ پۆلیسی هەولێر هیوادارە بە هەمانشێوە ئەو بڕە پارەیەش بكرێتە دیاری یان جەژنانە بەسەر هەموو فەرمانبەران دابەش بكرێت.