زیانلێکەوتووانی بازاڕە سووتاوەکەی هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە

  2020-07-28  | 
بازاڕی سیمی میللی هەولێر کە هەینی رابردوو سووتا
ئەرشیڤ
هەولێر
 ئەحمەد حاجی سامی
زیانلێکەوتووانی بازاڕی سیمی لە ھەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە کە هەینی رابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیانی ماددیان پێگەیشت.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بازاڕی  سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتا و زیاتر لە ٢٥٠ دوکان زیانیان پێگەیشت، فرەسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیانلێکەوتووان و دوکاندارانی ئەو بازاڕە، سەردانی بازاڕەکەی کرد، دواتر لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕەکە پێکهێنرا بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنکی گونجاو.

بەمەبەستی یارمەتیدانی کاسبکاران و ئەوانەی لەئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوون و هەروەها بۆ ئەوەی کار و کاسبی خەڵک نەوەستێت و بتوانن لە کاری ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامبن، پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم و بەشێوەیەکی کاتی ئەو دوکانانەی کە سووتاون نۆژەن بکرێنەوە .

هەروەک بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و ڕەزامەندی کاسبکاران، بڕیاردرا تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک، ئاو، کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکانی و سیستەمی بەرگری شارستانی دابنیبکرێت بۆ ئەو شوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆ زیانلێکەوتووان.

بازاڕی سیمی میللی، کەوتۆتە گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر، ڕۆژی ھەینی ڕابردوو بە ھۆکارێکی نادیار گڕیگرت و لەکۆی ٦٠٠ دوکان، نزیکەی ٢٥٠ دوکان سووتان.