وەزیری دارایی: هەموو داهاتەکان دێنەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی

  2020-07-28  | 
هەولێر
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم حکومەتە ئەوەیە سەرجەم داهاتەکان بە داهاتی نەوتیشەوە دێنەوە وەزارەتی دارایی دەشڵێ، ئەم حکومەتە قەناعەتی هێناوە کە سیاسەتی نەوتی هەرێم شکستیهێناوە .

لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیانکردووە بە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و باجوەرگرتن لە کۆمپانیاکانی نەوت و باجیشیان لە هەندێک لە کۆمپانیاکان وەررگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستبەکاربوونی ئەم حکومەتەوە داهاتی نەوت و هەموو داهاتەکانی دیکە، دێنەوە وەزارەتی دارایی.

راشیگەیاند، زۆری نەمابوو داهاتی ناوخۆ ببێت بە جێگرەوەی نەوت بەڵام کۆرۆنا هەموو شتێکی تێکدا، لەماوەی رابردوودا، چەند ڕۆژ هەبووە کە داهاتی ناوخۆ بووە بە سفر.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئەم وڵاتە نەبێت بە خاوەنی ئابوری نیشتیمانی، ڕزگاربوونی لەم قەیرانەی ئێستا مەحاڵە.

 وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە هەرێم گەندەڵی هەیە و دیارە کێ لێی بەرپرسە، بەڵام هەموومان لە چاککردنی بەرپرسیارین، ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە لەنێوان هەموو بەشدارەکانی حکومەت کە هەڵەکان ڕاستبکەینەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ١٣ی٥ی٢٠٢٠ەوە لە وەزارەتی دارایی دەستیانکردووە بە لێکۆێنەوە لە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت و بە وتەی ناوبراو،  بەشێک لە دەوڵەمەندەکان تەنها بۆ فێڵکردن لە حکومەت قەرزیان وەرگرتووە.

لە بەشیکی دیکەی وتەکانیدا لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، لە سەرجەم دەروازە سنورییەکاندا پێشێلکاری هەیە و دەبێت هێزێک هەبێت کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکان بکات.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، ئەگەر سەرچاوەکانی دارایی هەرێم ئامادەبن مووچە هەیە ئەگەر ئامادەنەبن مووچە نییە.

وتیشی، هەرێمی کوردستان ملیونێک و ٢٤٠ ھەزار مووچەخۆری هەیە، بەڵام حکومەتی ناوەندی تەنھا مووچەی ٦٨٢ ھەزار فەرمانبەر دەنێرێت و لە بڕە پارەیش، مانگانە ٨٢ ملیار دینار بۆ ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ خەرجدەکرێت.

لەوەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم پێش جەژن، وەزیری دارایی رایگەیاند، "داوای شتێک لە من مەکەن کە موستەحیلە".

راشیگەیاند، لەمیانی دانوستانەکانیان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی ناردنی پارە و مووچە بۆ هەرێم، بەغدا پێیان دەڵێت کە ئێوە حەقن و یاساتان لەگەڵدایە، بەڵام پارە نییە.

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، ئەم حکومەتە قەناعەتی وایە سیاسەتی نەوتی هەرێم شکستی هێناوە بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ بەغدا بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێیان ڕاگەیاندوون ئەوان ئامادەن بەتەواوی، دۆسیەی نەوتیان ڕادەست بکەن.



ڕیکلام