ئەمریكا بە نیازی سەپاندنی سزایە بەسەر ڕوسیا و توركیا و میسردا

  2020-07-29  | 
هێزەکانی بەشدار لە جەنگی لیبیا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامانی كۆنگرسی ئەمریكا گفتوگۆ دەكەن لەسەر پرۆژە بڕیارێك بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیا و توركیا و مدسردا، ئەویش بەهۆی ئەو بەشدارییە چڕەی كە هەیانە لە جەنگی ناوخۆیی لیبیادا .

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی بڵاویكردەوە، بە ناوی یاسای "بەرقەراركردنی لیبیا" چاوەڕواندەكرێت ئەم هەفتەی لەلایەن لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاوە یاساکە دەربكرێت .

ناوەرۆكەكەی تایبەت دەبێت بە سەپاندنی گەمارۆی زۆرەملێ لە ماوەی شەش مانگدا بەسەر ئەو وڵاتانەدا ، ئەو هەنگاوەش بواری كاتێكی زیاتر دەدات بە كۆشكی سپی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا و مۆڵەتی هاتنە ناوەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یان بلۆككردنی دارایی ئەو كەسانەی كە بە ئامانج دەگیرین لەو دوو وڵاتە، كە لە بانگەكانی ئەمریكادا پارەیان داناوە .

یەكێك لە یاریدەدەرەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كە ئاگاداری پرۆژە یاساكەیە بە گۆڤارەكەی ڕاگەیاندووە "ئێمە نامانەوێت روسیا جێ پێی خۆی خۆش بكات لەسەر دەریای ناوەڕاست لە لیبیا، كە نزیكە لە ئەوروپاوە" .

هەوڵدان بۆ دەركردنی ئەو پڕۆژە بڕیارە لە كاتێكدایە، ململانێی و شەڕی ناوخۆیی لیبیا لەتاوسەندنی بەردەوامدایە، بەشێوەیەك میسر دوا دەوڵەتە كە بیر لە چوونە ناوەوەی شەڕەكە دەكاتەوە، ئەو جەنگەی کە ماوەی چەند ساڵێكە لە نێوان حكومەتی ویفاقی نیشیتمانی لیبیا كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نراوە، هەروەها سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر،كە لەلایەن ڕوسیا و میسرەوە پشتیوانی دەكرێت .

یاریدەدەرانی كۆنگرێس بە ڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندووە، یاساكە ڕێگە دەدات بەسەپاندنی سزا بەسەر میسریشدا، ئەگەر هاتوو عەبدولفەتاح سیسی سوربێت لەسەر هەڕەشەكانی بۆ ناردنی سوپای وڵاتەكەی بۆ ناوخۆیی لیبیا، بۆ هاوكاریكردنی سوپای نیشیتمانی ئەو وڵاتە، كە بە هەمان شێوە لەلایەن ئیماراتیشەوە پشتیوانی دەكرێت .

پەرلەمانی میسر لەم مانگەدا مۆڵەتی دایە سوپای وڵاتەكەی بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی لەناوخۆیی لیبیا، كە وادەدات ئەنقەرە و قاهیرە بكەونە ناو پێكدادانێكی راستەوخۆوە و دۆخی ئاڵۆزی لیبیا ئەوەندەی دیكە خراپتر بكات .

سەرباری فشارەكانی هەندێك لە دەوڵەتان لەسەر قاهیرە كە نەچێتە ناو ململانێكەوە، بەڵام خۆشی نایەوێت ڕوبەڕوی توركیا بێتەوە و دەرگا لەسەر گەمارۆكانی ئەمریكا بكاتەوە لەسەر خۆی .

گۆڤارەكە ئاشكرایكردووە، دۆنالد ترەمپ بە تەلەفۆن پەیوەندیی كردووە بە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسرەوە و بەڵێنی لێ وەرگرتووە، كە ناچێتە ناو جەنگی لیبیاوە و لەبری ئەوە داوای وەستاندی جەنگەكە دەكات .

جەلیل حەرشاوی توێژەر لە پەیمانگای "كلینگیندیل" لە شاری لاهای بە فۆرن پۆلیسی راگەیاندووە، قاهیرە زۆر دوودڵ وبەدگومانە لەوەی ڕوبەڕوی حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا ببێتەوە .

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لایەنە بەشدارەكانی ململانێ سەربازییەكە، بوونی سەربازیی خۆیان لەو وڵاتە فراوانتر كردووە، بەشێوەیەك سوپای ئەمریكا ئاشكرایكردووە، روسیا بە هەزاران چەكداری بەكرێگیراوی لە ڕێكخراوی "فاگنەر" و 12 فڕۆكەی جەنگی لە جۆرەكانی مێگی 29 و سۆخۆی 24 ناردووەتەوە لیبیا .

غالیب دالای مامۆستا لە ئەكادیمیای "ڕۆبەرت بوش" بە گۆڤارەكەی ڕاگەیاندووە، سەرجەم لایەنە كاریگەرەكان لە لیبیا، بوونی خۆیان لەڕووی سەربازییەوە بەهێز دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان كراوەن بۆ گفتوگۆ .

"تید دۆش" ئەندامی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختیكردووەتەوە، یاساكە هەموو ئەوانە بێدەنگ دەكات، كە مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكەن و نەوتی لیبیا دەدزن .

هەروەك پێشتر كۆنگرێسی ئەمریكا ، ئیدارەی ترەمپ هاند ا ڕێوشوێنی پێویست لەدژی روسیا و توركیا بگرێتەبەر، ئەویش بەهۆی ئەوهەڵانەی كە لەسیاسەتی دەرەوەیاندا پەیڕەویان كردووە .

لە راپۆرتی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی کۆنگرێس كە هەفتەی رابردوو بڵاوكرایەوە، پشكنەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆر لە باكوری ئەفریقا، پێی وایە نزیكەی 800 بۆ 2500 لە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی فاگنەر لە لیبیا بڵاوەیان پێكراوە بۆ پشتیوانیكردن لە حەفتەر، هاوكات فەرماندەیی ئەفریقا چەندین وێنەی فڕۆكە جەنگییە پێشكەوتووەكانی ڕوسیای لە لیبیا بڵاوكردەوە، ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو گەمارۆی چەكەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر لیبیادا سەپاندوویەتی .

گۆڤارەكە ئاشكرایكردووە، لەم هەفتەیەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا هەرەشەی سەپاندنی زنجیرەیەك سزای كردووە لەدژی خەلیفە حەفتەر، دوای ئەوەی بە هێزەكانی فاگنەر دەستیانگرت بەسەر گەورەترین كێڵگەی نەوتی لە لیبیادا، هەروەها چەند دەوڵەتێكی دیكەی تۆمەتبار كرد لەناویاندا ئیمارات و توركیا ومیسر ، كە دەستبەرداری بڕیاری قەدەغەكردنی ناردنی چەك بوون بۆ ناوخۆیی لیبیا، بەو هۆیەشەوە لێپرسراوێكی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەی چەك بووە بە یاری و داوایكرد چاودێرییەكان وردتر بكرێت .

چاوەڕواندەکرێت پرۆژە بڕیارە نوێیەكەی ئەمریكا سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر گروپەكانی فاگنەر و كۆمپانیاكانی، ئەویش بەهۆی چالاكییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا و سوریا، هەروەها بلۆككردنی داراییەكانی لە ئەمریكا و ڕێگریكردن لێی لەوەی هیچ چالاكییەكی بازركانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ئەنجام بدات .

هەر لەم مانگەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای نوێی سەپاند بەسەر كۆمپانیاكانی فاگنەر لە سودان، ئەویش بەهۆی هاوكارییەكانی بۆ عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی پێشووی سودان لەکاتی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە بۆ دیموكراسییەت .

لیپرسراوێكی پێشووی ئەمریكا كە ئاگاداری بابەتەكەیە ڕایگەیاند، پرۆژە بڕیارە چاوەڕوانكراوەكە، زۆر نزیكە لە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە لیبیا كە ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەر دەكەن .



ڕیکلام