فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: دوای جەژن ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا دەکەین

  2020-07-29  | 
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەرشیڤ
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای جەژن ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا دەکەین تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠، چونکە هەموو بۆچوونەکان وان کە بودجە بۆ ئەمساڵ نابێت و ئەم ڕێککەوتنە کاتی دەبێت و تەنیا بۆ ئەمساڵ دەبێت .

ئارام ناجی بالەتەیی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، ''هەولێر و بەغدا دەربارەی زۆر خاڵ لە یەک نزیکن، تەنیا ڕێککەوتن ماوە و ئەویش لە دوای جەژن دەکرێت.

ئاشکراشیکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی٧ی٢٠٢٠، هەموو داتا و گرێبەستەکانی نەوت و پێشمەرگە و فەرمانبەرانیان پێشانی حکومەتی عێراق داوە و ئێستا هەموو زانیارییەکانیان لەبەردەستی وەزیری نەوتی حکومەتی عێراقە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزیری نەوتی عێراق بۆچوونی ئەرێنی هەیە دەربارەی شەفافیەتی گرێبەستەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزیری نەوتی عێراق، خۆی بڕوای بە داتای کۆمپانیای دیلیۆت هەیە و یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری شەفافیەتدا خاوەنی سومعەیەکی گەورەیە، ئەو ددانی بەو داتایایەدا ناوە، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکەین ."

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووە، "تەنیا ناکۆکیمان ئەوەیە کە ئێمە داوای گوژمەیەکی زۆرتر دەکەین بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکەین، لە نێوانماندا خیلافی گەورە نییە و هیچ ڕێگایەکی تریش جگە لە ڕێککەوتن نییە و ڕەوشەکەش لە نێوان هەردوو لادا هیچی تر نییە.

ئارام ناجی بالەتەیی دەشڵێت،  لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە ڕێکبکەوین، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشمان زۆرە لە بواری ئاسایش و کارەبا و زۆر شتی تر و عێراقیش پێی خۆش نییە دەرگایەکی تر بەسەر کێشەکاندا بکرێتەوە.