ئایا عێراق ئەم مانگە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت؟

  2020-07-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نزیکەى مانگێک بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبووە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ ناردنی 400 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردبوو، کە ئەگەر لەبارەی نەوت و بودجە رێککەوتن واژۆ نەکەن چاوەڕوانی ناردنی موچەی فەرمانبەران نەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێککەوتن ساردی تێکەوتووە.

بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا  کە ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێرن جەخت لەوە دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی زۆرن  و دەیەوێت پارەیەکی زۆر لە بەرامبەر رادەستکردنی بڕێکی کەم نەوت لە عێراق وەربگرێت.

قسەی کۆتایی شاندی هەرێمی کوردستان، ئەوە بووە رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکەن و داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ حکومەتی ناوەند بێت، داهاتی 350 هەزار بەرمیلش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت بۆ پرۆژەکان و دابینکردنی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان، لە بەرامبەردا بەغدا مانگانە 600 بۆ 650 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکانیش رێژی 50٪ ی بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی .

شاندنی حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، داواکارییەکانی تاوتوێ دەکەین وەڵامی کۆتاییتان دەدەینەوە، بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق وەڵامی هەرێمی کوردستانی نەداوەتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی دارایی زۆر سەخت دایە و توانانی دابینکردنی نیوە موچەی فەرمانبەرانیشی نییە.

رێبوار کەریم مەحموود، پەرلەمانتاری کورد لە  پەرلەمانی عێراق  دەڵێت، هەوڵێک درا، هەرێم بەشێک لە نەوت بنێرێت و لەبەرامبەردا بڕەپارەیەکی زۆرباش لەبەغدا وەربگرێت. سەرەتا هەرێم رازی بوو. بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە و داوایکرد لەبری نەوت داهاتی نەوت بدات بە بەغدا.
هەوڵێکیتر درا، هەرێم نیوەی داهاتی نەوت و نیوەی داهاتی گومرکە رەسمیەکان بداتە بەغدا. لەبەرامبەردا بەغدا نزیکەی (٤٠٠ ملیار دینار) بداتە هەرێم. سەرەتا هەرێم رازی بو دواتر پەشیمان بوەوە.

پێش چەند رۆژێک بەبێدەنگ، هەوڵێکیتر درا، کە بەهۆیەوە هەرێم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دیوانی چاودێری دارایی عیراق لە گومرکەکان تەنها نیوەی گومرکە رەسمیەکان بداتە بەغدا. لەبەرامبەردا بەغدا نزیکەی (۲٥٠ بۆ ۳٠٠ ملیار دینار) بداتە هەرێم تا کۆتایی ساڵی (۲٠۲٠). سەرەتا هەرێم تکا و ڕجای دەکرد ئەمە سەربگرێت، بەڵام ئێستا پەشیمان بۆتەوە.

ئەوەش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نایەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەوێت.

 دواینجار کە حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری رادەستی حكومەتی هەرێمی کوردستان كرد بۆ موچەی فەرمانبەران و هەرێمی کوردستان قەرزی پێدایەوە، پێدانی 400 ملیارەکە بە مەرجی ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان لەماوەی 30 رۆژ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی واژۆ بکات، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت عێراق بە هیچ شیێوەیەک موچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
 

وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ،  دوای هەوڵ و داواکارییەکی زۆر 400 ملیارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بوو،  30 رۆژی بۆ رێککەوتن لەبارەی نەوت و بودجە دیاریكردبوو کە 30ى حوزەیرانى ڕابردوو ئەو وادەیە کۆتایی هات بەبێ ئەوەى بگەنە ڕێککەوتن، بەغداش تائێستا سوورە لەسەر بەڵێنەکەى خۆی و یەک دینارى بۆ هەرێم نەناردووە.

ئەم مانگە حکومەتی عێراق پێش جەژنی قوربان موچەی هەموو فەرمانبەرانی خۆی دابەشدەکات بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە و دیارنییە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەی موچە وەردەگرن.



ڕیکلام