سەڵاحەدین بەهادین: حزبەكانی دەسەڵات هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژە دروست دەكەن

  2020-07-30  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، ناكۆكیە ناوخۆیەكانی حزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاستێكدایە كە هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژە و دڵەڕاوكێ دروست دەكەن هۆشداریش دەداتە هێزە دەسەڵاتدارەكان.

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: ناكۆكیە ناوخۆیەكانی حزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاستێكدایە كە هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژە و دڵەڕاوكێ دروست دەكەن و گرفتی لاوەكی بەرپا دەكەن و دامودەزگا حكومی و نیشتیمانیەكان دەخەنە بەر ڕەحمەتی میزاجی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو. 

ئەمینداری یەكگرتوو لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە دەشڵێت: لەم بۆنە ڕۆحی و پیرۆزەدا دەخوازین حزبەكانی دەسەڵات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بكەن و هەڵمەتێكی گشتی خەمخۆرانە بە دوور لە میزاجی تاكە كەسی و بەرژەوەندی حزبی بە هاوكاری هەموولایەك چارەسەری خێراو پلانی درێژخایەن بگرنەبەر.

سەڵاحەدین بەهادین دەشڵێت: هاوڵاتیانی ئازیزی ئەم هەرێمە شایەنی ئەم مەینەتی و برسیكردنە نیەو ئەم بێ منەتی و فەرامۆشكردنە لەلایەن بەرپرسانەوە نەشیاوە و تاسەر سەرناگرێت.. مێژوو پێمان دەڵێت هەموو ئەنجامێكی خراپ و نەخوازراو لە فشاری خراپی بژێوییەوە چاوەڕوانكراوە.



ڕیکلام