عەلی باپیر: هەڵەی كوشندەی لێپرسراوان هەرێمی كوردستانی پوكاندووەتەوە

  2020-07-30  | 
عەلی بایپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی بایپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان كرد،جەژن بكەنە بۆنەیەك بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانیان كە ئیدارەی ئەم وڵاتەی پێكراوە .

لە وتەیەكی تۆماركراوی ڤیدیۆیدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵەی كوشندەی هەندێك لە لێپرسراوانی كوردستان، هەرێمی كوردستان زۆر پوكاوەتەوە و بچوكبووەتەوە .

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر لێپرسراوانی هەرێم لەسەر ئەو هەڵانەیان بەردەوام بن كە ئیدارەی ئەم وڵاتەی پێكراوە، ئەوا وڵاتەكە زیاتر بچوك دەبێتە و دەپوكێتەوە و كێشە و گرفتەكان لەگەڵ ناوخۆ و  لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هاوسێ زیاتر دەبن، بۆیە جێی خۆیەتی ئەم ڕۆژە بكرێتە هەلێك بۆ بەخۆداچونەوە و راستكردنەوەی هەڵەكان .

لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی باسی لە بەرهەمی ناوخۆیی كرد كە جوتیار و بەرهەمهێنی ئەم وڵاتە دڵی بە بەرهەمەكەی خۆش نییە، چونكە هەندێك دەوڵەمەندی شەریكە دز لەگەڵ لێپرسراوان، بەرهەمی دەرەوە دەهێنن لەسەر حسابی بەرهەمی ناوخۆیی و لەو كاتەشدا بەرهەمی ناوخۆیی و جوتیار و بەرهەمهێنی ناوخۆ زیانی گەورە دەكەن .

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لێپرسراوان بیر لەوە بكەنەوە ئەو هەڵانەی كە لەسەری بەردەوام بوون چیتر پیادەی نەكەن و دەبێت هاوڵاتیان دڵخۆش و بكەن بەشێوەیە متمانەی بە دەسەڵاتی خۆماڵی هەبێت، نەك كارێك بكەن، هاوڵاتی بیر لە شتێك بكاتەوە كە لە كۆتاییدا خۆشی و دەسەڵاتیش زیانی گەورەی لێبكات .

داواشی لە هاوڵاتیان كرد خۆیان لە پەتای كۆرۆنا بپارێزن و روونیكردەوە نەخۆشی بەڵاو گرفتارییەوە دەبێت مرۆف خۆی لێ بپارێزێت .

داوای لە موسڵمانان كرد جەژن وەك هەلێكی زێرین بقۆزینەوە بۆ تەبایی و خۆشەویستی و هاوكاریی یەكتر و بەزەیی هاتنەوە بەیەكتردا .

ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك میدیا لە كوردستان بە داخەوە بە پارەی حەرام كۆمەك دەكرێن و هەموو هەوڵ و رٍۆڵی خراپ دەگێڕن و دەیانەوێت چۆن گەنجەكانمان لە خشتە بەرن و غەریزەكانیان بجوڵینن، لەبری ئەوەی خەڵكی هۆشیاربكەنەوە خەڵكی بەنج دەكەن و داوای لە موسڵمانان كرد بایکۆتی ئەو كەناڵ و میدیایانە بكەن .



ڕیکلام