عەتا سەراوی: شەرم دەكەم ئەم چوار سەرۆكایەتیەی هەرێم فەرمانڕەوامبن

  2020-07-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی شەرم دەكات ئەو چوار سەرۆكایەتیەی هەرێم فەرمانڕەوای بن و داوا لە حزبەكەی دەكات بڕیارێك بدەین كە وەك ھەمیشە حزبەكەیان لە بەرەی گەل بێت.

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، ئەم چوار سەرۆكایەتیەی ئێٍستای هەرێم "بە ھیچ جۆرێك ئەھلی ئەم ئەركە قورسەی حوكمرانی و نیشتیمانیە نیین و دەبێ بریارێك بدەین كە وەك ھەمیشە(ی،ن،ك) لە بەرەی گەل بێت". 

ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەوان كەسانی شكستخواردوی حوكمرانین و من شەرم دەكەم ئەوانە فەرمانرەوام بن، وە جوانترین پیرۆزبایش بۆ ئەم جەژنە لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ھەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە"یە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لە نوسینێكدا كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویكردووەتەوە دەشڵێت: بێخەمی و بێ منەتی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دزو نا بەرپرسە لەو قەیرانە قوڵە سیاسی و ئابورییەی كە بەرۆكی ئەم ھەرێمەی گرتووە، لەلایەك لەشكری داگیركەری تورك لە قوڵای ئەم نیشتیمانە ھاوڵاتیانی سڤیل شەھید دەكات و بە چاو ساغی و بێدەنگ بوونی لایەنێكی سیاسی بەشێك لەم نیشتیمانە داگیر دەكات وە ساڵانەش لە پاشەكشەین لە بەرامبەر حكومەتی ناوەندی.

سەراوی سەرسورمانی خۆی دەربڕیوە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ گفتوگۆی رەوشی دارایی و رێكەوتنی هەرێم و بەغدا و هێرشەكانی توركیا باسی قسەكانی هیڤیدار ئەحمەدی پەرلەمانتاری پارتیش كردووە كە تیایدا ئاماژەی بەوە كرد بوو كە گەندەڵی لە سەردەمی  عوسمانی كوری عەفانەوە دەستی پێكردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت " ئەو گێلە پیاوە بۆ بنەبركردنی گەندەڵی و سەرھەڵدانی نادادپەروەری و گەندەڵی خەلیفەی موسوڵمانانی بە نمونە ھێنایەوە، كە جورئەتی ئەوەی نەبوو باسی سەرۆكی ھەرێمی پێشوو و سەرۆكی ھەرێمی ئێستاو سەرۆكی حكومەتی ئێستای حیزبەكەیی و وە ھەندێك لە بەرپرسانی پێشوو ئێستای بەشدار بووی حكومەتی پێشوو ئێستایی حیزبەكەی من و گۆرانیش بە ئیسلامییەكانیشەوە لە گەندەڵی و دزی و فەسادی ئەخلاقی كۆمەڵایەتی سیاسی دارایی و دزی و داھێنانێكیان كردووە كە شەیتانیش پەی پێ نەئەبرد".

ئەو ئاماژەی بەوە كردووە ئەوە داوی دەزگای پاراستن بووە و "بە ئاسانی هێزە بە ناو ئۆپۆزسیۆن و عەلمانی و ئیسلامییەكانی تێكەوت وەك ئەوەی كە خەلیفەی موسوڵمانان پێویستی بەمان بێت داكۆكی لێبكەن كەوتنە ھاتوھاوارو جێھێشتنی ھۆڵی پەرلەمان و بە داوایاندا مامۆستایانی ئاینی كە لە بنەرەتدا كادری حیزبین كەوتنە بەستنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی وەك بەرزەكی بانان حكومەتیان لە برینی مووچەو قوتی خەڵك دەرباز كرد".

لە نوسینەكەیدا عەتا سەراوی پەیامی خۆی ئاراستەی هەرچوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "بەشێكی زۆرتان بێ جیاوازی بونەتە مایەی شەرمەزاری و ئابروچوون بۆ ئەم گەل و نیشتیمانە".

ئەو داوای لە سەرۆكایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەی كردووە چۆن لە كۆنگرەی چوار بەڵێنیانداوە كە یەكێتی و حكومەت بكەینەوە بە خزمەتكاری خەڵك، ئەگەر پابەند نەبین بەو بەڵێن و بڕیارانەی داویانە "بەر نەفرەتی خەڵك و خوا دەكەوین".