فڕۆکەخانەی سلێمانی: بەبێ پشكنینی PCR کەس ناتوانێت گەشت بکات

  2020-07-31  | 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، سبەینێ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکاتەوە و داواشی لە گەشتیان کرد پشکنینی (PCR ) ئەنجام بدەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلیێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی سبەینێ گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکاتەوە، داوای لە گەشتیاران کردووە پشکنینی (PCR ) ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە گەشتیاران بەر لە ٤٨ کاتژمێر لە گەشتەکەیان پشکنیینەکە ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش نەخۆشخانەی شەهید تاهیر علی والی بەگ لە سەرچنار دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی پشكنینەكە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داواشی لەو گەشتیارانە كردووە كە گەشتەكانیان نزیكە، پەلە بكەن لە ئەنجامدانی ئەو پشكنینە، بە پێچەوانەوە ڕێگەی پێنادرێت گەشت بكات.

پشكنینی (PCR ) یەکێکە لە پشکنیینەکانی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئێستا لە بەشێکی سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەردەستە.