ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.
لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگی تەموزی ٢٠٢٠ دا، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار کراون، کە ٨٠٪ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا بووە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون،زۆرترین ژمارەی کوژران و بریندار لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ١٢ حاڵەت بووە .
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ١٦ حاڵەت (٥ کوژراو و ١١ بریندار) کە دەکاتە ٨٠٪ ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بوون.
٤ حاڵەت (١ کوژراو و ٣ بریندار ) کە دەکاتە ٢٠٪ ی کۆی حاڵەتەکان، بەهۆی ڕووداوی سروشتییەوە بوون.
راپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە پارێزگای ئورمیە ١٢ حاڵەت ( ٤ کوژراو ٨ بریندار) .
لە پپارێزگای سنە، ٣ حاڵەت ( ٣ بریندار ) .
لە پارێزگای کرماشانیش ٥ حاڵەت (٢ کوژراو و ٣ بریندار ) .
بەهۆی نالەباۆری گوزەران و ژیان و کەمی هەلی کارەوە، کۆڵبەری لە سنورەکانی کوردستان بووەتە پیشەی سەرەکی بەشێکی زۆری هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوون لەوسنورانە لەڕیزی کۆڵبەرەکان تۆمار دەکرێت.