تەندروستی دهۆك بۆ ژیان... كۆرۆنا كەوتووەتە گەڕەكەكان و دۆخەكە بەرەو مەترسی دەڕوات

  2020-08-01  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مازن شنگالی
ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سنوری پاریزگای دهۆك روو لە زیادبوونە و تەندروستی شارەكەش هۆشداری دەدات لە نادیاری سەرچاوەی تووشبوونەكان.

لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوو دا 69 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دهۆك تۆماركراون كە زۆربەیان سەرچاوەی تووشبوونیان نادیارە، حەمزە ڕەزیكی وتەبێژی تەندروستی دهۆك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند:  لە ئێستادا پاریزگای دهۆك بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار دەڕوات و كۆرۆنا كەوتووەتە ناو گەڕەك و كۆلانەكان و ڕۆژانە حالەتی نووێ تۆماردەكرێت. 

ئەو مەترسیداری نادیاری سەرچاوەی تووشبوونەكان  بەهۆكارێك دەزانێت بۆ ئەوەی كە بڵێن خەریكە "دۆخەكە لەدەستمان دەربچێت وە كارەسات ڕوبدات". 

ئەو هۆكاری تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكەی لە پارێزگاكە بۆ ئەوە گێڕایەوە كە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروسیەكان نابن، داواش لە هاوڵاتیان دەكات خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی بتوانن ڤایرۆسەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت. 

لەسەرەتای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە لە پارێزگای دهۆك تا ئێستا 532 كەس تووشی ئەو ڤایرۆسەبوون، لەوانەش 357 كەسیان چاكبوونەتەوە و 175 تووشبووش لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشكیدا ماونەتەوە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان لەو شارە تۆمار نەكراوە.