دهۆک؛ یەكەم تووشبووی شێرپەنجە لە كۆرۆنا چاكبوویەوە

  2020-08-01  | 
سەردانێکی وەزیری تەندروستی بۆ سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا لە دهۆک
 مازن شنگالی
لە شاری دهۆك یەكەم تووشبووی شێرپەنجە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوویەوە كە پیاوێكی تەمەن 83 ساڵان بووە.


حەمزە ڕەزیكی، وتەبیژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: پیاوێكی تەمەن 83 ساڵ كە نەخۆشی شێرپەنجە هەبووە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو ئەمڕۆ چاكبوویەوە. 

وتەبێژی تەندروستی دهۆك وتیشی، تووشبووەكە لەچەند رۆژی ڕابردوودا بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە كە تەنگە نەفەسیەكی سەختی هەبووە بە بڕیاری پزیشكان قورگی (بۆری هەناسە)ی ئەو پیاوە وەكو بەشێك لە چارەسەری كونكراوە. 

ئەوەشی روونكردەوە،  ئەمڕۆ سەرجەم پشكنینەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ ئەنجامدراوە و دەركەوت بە تەواوەتی لە ڤایرۆسە چاكبووەتەوە بۆیە رەوانەی ماڵەوە كرایەوە. 

پیشتریش دوو تووشبووی دیكەی شێرپەندجە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی چاكبووبوونەوە. 

ئێستا لە دهۆك لەكۆی 581 تووشبووی كۆرۆنا تەنها 219 تووشبوو لە ژێر چاودێری پزیشكیدا ماونەتەوە و سەرجەم تووشبووانی دیكەی شارەكە چاكبوونەتەوە و هیچ حاڵەتێكی مردنیش بە ڤایرۆسەكە لەو شارە تۆمار نەكراوە.  


ڕیکلام