یاد نەقشبەندی: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەسلیمانی لەداکشاندایە

  2020-08-03  | 
سلێمانی
د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی
فۆتۆ: هۆشمەند فەلاح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی لەداکشاندایە و ئەگەر هاوڵاتیان بەو شێوەیە ئێستا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەواڵی دڵخۆشکەر دەبیستین.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی لەداکشاندایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا پێچەوانەی رابردوو، نەخۆشخانەکانی سلێمانی توانای وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشیان هەیە. وتیشی، لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ تەنها ١٠ تووشبووی کۆرۆنا هەیە کە باری تەندروستی سەرجەمیان جێگیرە و کۆی گشتی سەرجەم ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەوێندروان، دەگاتە ١٢٠ بۆ ١٣٠ نەخۆش.

ئەوەشی خستەروو، ئەگەر هاوڵاتیان بەو شێوەیە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن قۆناغی باشتر دەبڕین و هەواڵی دڵخۆشکەر دەبیستین، بەڵام تێکەڵبوونی هاوڵاتیان لە رۆژانی جەژندا جێی نیگەرانی و پێدەچێت جارێکی تر ببێتەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان لە دوای پشووی جەژن.

یاد نەقشبەندی راشیگەیاند، ئەگەرچی لە کۆتا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی بڕیاردراوە، رێگە بەهاتنەناوەی هیچ گەشتیارێک نەدرێت، بەڵام ئەوان وەکو تەندروستی سلێمانی نازانن هۆکاری هاتنی ئەو ژمارە زۆرە گەشتیارە بۆ سنوری سلێمانی بۆ چی دەگەڕێتەوە و ئەوەش نیگەرانی بۆ ئەوان دروستکردووە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی هونەرمەند سابیر کوردستانی،  یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاساوە کردووە و ئاگادارکراونەتەوە کە دۆخی تەندروستی سابیر کوردستانی جێگیرە و لای خۆشیەوە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەموو هاوکارییەک کە پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە.



ڕیکلام