نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە کەرکوک گیانیان لەدەستدا

  2020-08-03  | 
کەرکوک
نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە کەرکوک گیانیان لەدەستدا
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک رایگەیاند، نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لەپارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە کەرکوک بۆ ٢٥٥ کەس بەرزبووەوە.

سەباح نامیق وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، تەنها لەماوەی 24 کەتژمێری رابردوودا، 65 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگای کەرکوک تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا نۆ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هەروەک  81 توشبوو چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە مەبەستی گلدانەوە و کۆگاکردنی پلازمای خوێنی چاکبووان، بانکی خوێن لە کەرکوک دانراوە، هاوکات بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و خێرخوازان و کەرتی تایبەت، ژمارەیەکی زۆر بوتڵی ئۆکسیجن بۆ نەخۆشخانەکان دابینکراوە.

وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک راشیگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانی، هەڵمەتی پاککردنەوە و تەعقیمکردنی شوێنە گشتی و قەڕەباڵغ و دەزگا حکومیەکانیان دەستپێکردووە.

هیواشی خواست، قەدەغەی هاتووچۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا هەبێت، کە تا ٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت .

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، 4919 کەس لە پارێزگای کەرکوک تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٥٥ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٣١٦ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام