سەرۆک کۆمار و هاوسەرۆکانی یەکێتی دۆخی هەرێم و عێراقیان تاوتوێکرد

  2020-08-04  | 
سلێمانی
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە سلێمانی
فۆتۆ: نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری عێراق و هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دواین گۆڕانکارییەکانی هەرێم و ناوچەکەیان تاوتوێکرد و جەختیان لەپێویستی چارەسەرکردنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کردەوە.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٤ لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخ و دوا گۆرانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆیانکرد .

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە، لە گرنگی چارەسەردکرنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان بە ھەمەھانگی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتاییھێنان بە کێشە و قەیرانەکان، لە بەرژەوەندی پرۆسە سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران .

سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، لەسەرووبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتەکانی لە سەر ژیان و ئابووری، جەختکرایەوە لەپێویستی چارەسەردکرنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کۆتاییھێنان بەو پرسە زوو بە زوو لە سەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی .

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەمدواییە سەریھەڵداوە و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکاندا بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان .



ڕیکلام