پۆلیسی فیدڕاڵی ئۆپراسیۆنێكی لەسنوری حەمرین ئەنجامدا

  2020-08-05  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
شەوی رابردوو فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی دژی چەكدارانی داعش لەسنوری زنجیرە چیاكانی حەمرین ئەنجامدا، تیایدا ژمارەیەك ناوەندی ئەو چەكدارانە لەناوبران.

بەسام محەمەد،  ئەفسەر لەهێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت، ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە كێوماڵكردن و گەڕان بوو بەدوای ئەو گروپە چەكدارانەی لەو سنورە چالاكن.

ئەوەشی روونكردەوە ئۆپراسیۆنەكە بەهاوبەشی لەگەڵ فڕۆكەی سوپا بووە و توانیویانە  هەشت تونێلی داعش خاپور بكەن كە دەیان بۆمبی چێنراویان تێدا حەشاردرابوو. 

ئەو ئەفسەرەی هێزەكە ئاشكرای كرد فڕۆكە بۆردومانی ئۆتومبێلێكی جۆری پیكابی كردووە و دەست بەسەر دوو ماتوڕسكیل و مۆلیدەی كارەبایی و دەیان ئامێری پەیوەندی و ژمارەیەك جل و پۆشاكی ئەو چەكدارانە گیراوە. 

لەبارەی زیانی هێزە عێراقیەكانەوە لەو ئۆپراسیۆنە رایگەیاند بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەهێزە عێراقیەكان بگەیەنرێت كۆتایی هاتووە.  


ڕیکلام