جێگری پارێزگاری هەولێر: كۆرۆنا بەو شێوەیە بڵاوبۆتەوە كە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە

  2020-08-05  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پێشبینی ئەوە دەكەن، دۆخی تەندروستی شارەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەرەو خراپتر بڕوات، چونكە پەتاكە بەو شێوەیە بڵاوبۆتەوە كە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە، ئاماژە بەوەش دەكات بەڵام وەكو چارەسەر وەرگرتن تائێستا لەژێر كۆنتڕۆڵە.

هێمن قادر، لەبارەی دۆخی تەندروستی هەولێر بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند "دەتوانم بڵێم لە هەڵكشانی سێیەمدایە،‌ كە هەڵكشانێكی زۆرە. نەخۆشەكان زۆربەی هەرە ‌زۆریان بە نیشانەوە دێنە نەخۆشخانە.‌ كاتێك كە نیشانەیان لێ دەردەچێت و دەچن پشكنین دەكەن، كەواتە ڕێژەكە زۆر زیاتر لە جاران بڵاوبۆتەوە، لە هەموو گەڕەكەكان لە كۆڵانەكان، لە ناو ماڵەكان. بەداخەوە ئەو كەسانەی كە بەرگەی ناگرن گیان دەسپێرن". 

هێمن قادر ئاماژەی بەوەكرد "قەدەغەی هاتووچۆ و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و داخستنی شوێنە گشتییەكان هەموو هۆكاربوون، كە ئێمە بڵاوكردنەوەی ئەو پەتایەمان هێواش كردەوە و دوامانخست بۆ كاتێكی تر. كەواتە ئەو ڤایرۆسە هەر بڵاودەبێتەوه ‌و دەبێت هەموو كەسێك بیگرێت، بەڵام ئەوەی مەبەستی حكومەتی هەرێمە هێواش بڵاوبێتەوە بۆئەوەی نەخۆشخانەكانی ئێمە بتوانن چارەسەری نەخۆش بكەن". 

جێگری پارێزگاری هەولێر، لەڕووی تەندروستییەوە توانای ئەوە نییە هەموو نەخۆشەكان لەخۆ بگرن لەبارەی كێشەی ئۆكسجینەوە دەڵێت "كێشەكە نەماوه،‌ ئۆكسجینی باش دابین دەكرێت، بەڵام سیستەمی پێدانی بە نەخۆشەكان وەكو پێویست نییە، چونكە له ‌ساڵی 1984 ەوە ئەم سیستەمە، لەلایەن كۆمپانیایەكی یابانییەوە دروستكراوە، ئەو كەلوپەلانەی ماوەیان بەسەرچووه، له ‌بازاڕ نەماون". 

ئەو روونیدەكاتەوە لە ئێستادا  "ئیعتمادی زۆری نەخۆشخانە لەسەر ئۆكسجینی بوتڵە، ئۆكسجینی بوتڵیش لەڕووی بەكارهێنانییەوە زۆر سەختە زۆر ئەستەمە ئەو هەموو بوتڵە ئۆكسجینە لە پێنج نهۆمی نەخۆشخانە بەكاربهێنیت. لەوانەیە ئەستەم بێت و ئاسان نەبێت بەڵام خۆشبەختانە ئێمە توانیمان وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و ئێمەش وەكو ئیدارە، كە سەرپەرشتیمانكردووە هاوكارییان بووین له ‌كاتی ئێستا كێشەكە نەماوە و ئۆكسجینی باش دابین دەكرێت". 

ئاماژە بەوە دەكات لە نەخۆشخانەی ڕزگاری كاتی خۆی لە مانگێكدا 10 تۆن ئۆكسجین پێویست بووە،‌ بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە 48 كاتژمێردا 10 تۆن ئۆكسجین پێویستە. كەواتە گۆڕانكاری بەسەر خواستی ئۆكسجین هاتووە". 


ڕیکلام