تەندروستی دهۆك: دۆخی تەندروستی لە مەترسیدایە

  2020-08-05  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی تەندروستی دهۆك رایگەیاند، دۆخی تەندرستی شارەكە لە مەترسیدایە ئەگەر خەڵكی هاوكاریان نەكەن دۆخەكە لەژێر دەستیان دەردەچێت.

حەمزە رەزیكی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: كۆمەڵێك فاكتەر هەبوو بۆ بەرزبوونەوەی ئەو ژمارانەی تووشبوونی كۆرۆنا كە گرنگترینیان كردنەوەی دەروازەكانی پارێزگای دهۆك بوو بە رووی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، خاڵێكی دیكەش بەركەوتنی نەخۆشەكانیش هۆكارێكی دیكە بووە بۆ زیاد بوون و جگە لەوەش زیادكردنی ژمارەی پشكنینەكان هۆكارێكی دیكەیە. 

ئەو روونیكردەوە لە دهۆكدا سێ نەخۆشخانە تەرخانكراوە و لەگەڵ دوو هۆتێل كە هۆتێلەكان تایبەتن بۆ ئەو كەسانەی كە تەنها نیشانەكانیان هەیە، تا ئێستا 801 نەخۆش دەستنیشانكراوە و لە نێویاندا 408 نەخۆش لەژێر چارەسەریدا ماونەتەوە، نەخۆشخانەكانیشمان توانای وەرگرتنی 220 نەخۆشیان هەیە بەشێك لە نەخۆشەكان لە هۆتێلەكاندا چاودێری دەكرێن. 

ئەو وتیشی، ئەگەر ژمارەكان لەوە زیاتر ببن ناچار دەبین نەخۆشخانەی دیكە تەرخان بكەین بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكان، تا ئێستا شەش نەخۆش گیانیان لەدەستداوە كە بەشێك لەوانە پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانەكان گیانیان لەدەستداوە. 

وتەبێژی تەندروستی دهۆك راشیگەیاند،  دۆخی تەندروستی مەترسیدارە پێویستە خەڵك هاوكاری بكات ئەگەرنا لەژێر دەستی ئێمە دەدەچێت، بۆیە پێویستە بڕیارەكانی ژووی ئۆپراسیۆن جێبەجێ بكرێت. 


ڕیکلام