دهۆک.. "دایکمان بەهۆی نەمانی ئۆکسجین گیانی لەدەستدا"

  2020-08-05  | 
دهۆک
کەسوکاری تووشبوویەکی کۆرۆنا لە دهۆک کە بەهۆی نەمانی ئوکسیجن گیانی لەدەستدا
فۆتۆ: مازن شنگالی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی نەمانی ئۆکسیجن تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری دهۆک گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی٨ی٢٠٢٠، تووشبوویەکی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری دهۆک، بەهۆی نەمانی ئۆکسیجن گیانی لەدەستداوە و بەوەش کۆی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە حەوت کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ئافرەت بووە و تەمەنی سەرو ٦٠ ساڵ بووە.

ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، " بو ماوەی هەفتەیەکە دایک و باوکم لە نەخۆشخانە خەوێندراون، پێشتر دۆخی تەندروستی دایکم باش بوو بەڵام لە نەخۆشخانە خەراپ بوو و رۆژ بەڕۆژیش خراپتر دەبوو، لەئێستاشدا باری تەندروستی باوکم ناجێگیرە".

وتیشی، "دایکم بەهۆی کەمتەرخەمی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە و نەدانی ئۆکسیجن پێی، گیانی لەدەستداوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم و بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەهەڵکشاندایە و لە ماوی سێ رۆژی رابردووشدا حەوت تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام