تەندروستی دهۆک لەبارەی نەمانی ئۆکسیجن روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

  2020-08-05  | 
دهۆک
یەكێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی دهۆک لەبارەی گیان لەدەستدانی تووشبوویەکی کۆرۆنا بەهۆی نەمانی ئۆکسیجن روونکردنەوەیەکی بڵاکردەوە و رایگەیاند، ئەو تووشبووە بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە گیانی لەدەستداوە و کیشەی نەمانی ئۆکسیجنیان نییە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەواڵی گیان لەدەستدانی تووشبوویەکی کۆرۆنا بەهۆی نەمانی ئۆکسیجن لە شاری دهۆک، کە لەلایەن چەند کەناڵ و میدیایەک بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تووشبووەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی٨ی٢٠٢٠، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری دهۆک گیانی لەدەستداوە، لە ٢٨ی٧ی٢٠٢٠ەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو و تەمەنی ٦٥ ساڵ بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنەخۆشخانە هەموو هەوڵێکی چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشە دراوە و کێشە نەبوونیی ئۆکسیجنیان نەبووە، بەڵکۆ تووشبووەکە بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە و لەژێر ئامیڕی هەناسەدانی دەستکرددا، گیانی لەدەستداوە.

 بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک داواشی لە کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، راستگۆیانە کار بکەن و راستییەکان نەشێوێنن و رووداوەکان وەک خۆیان بڵاوبکەنەوە.

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی٨ی٢٠٢٠، تووشبوویەکی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری دهۆک، گیانی لەدەستدا و دواتر ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، " بو ماوەی هەفتەیەکە دایک و باوکم لە نەخۆشخانە خەوێندراون، پێشتر دۆخی تەندروستی دایکم باش بوو بەڵام لە نەخۆشخانە خراپ بوو و رۆژ بەڕۆژیش خراپتر دەبوو تا ئەو کاتەی گیانی لەدەستدا. وتیشی، لەئێستاشدا باری تەندروستی باوکم ناجێگیرە ".

ئەو کەسە کە کچی کۆچکردووبوو، راشیگەیاند، "دایکم بەهۆی کەمتەرخەمی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە و نەدانی ئۆکسیجن پێی، گیانی لەدەستداوە".



ڕیکلام