دیار ئیبراهیم: ناتوانین بگەینە خاڵی كۆتایی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا

  2020-08-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری كۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشكی هەرێم، رایگەیاند بۆ دابینكردنی پێداویستی پزیشكی داوایان لە رێكخراوەكان و كونسوڵخانەكان كردووە هاوكاریان بكەن و دەشڵێت پشتیان بەستووە بەو بودجەیەی حكومەت بۆ روبەڕبوونەوەی كۆرۆنا تەرخانی كردووە.


دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشكی هەرێم، كە هاوكات ئەندامی ژووری روبەڕبوونەوەی كۆرۆنایە لە هەرێم، رایگەیاند: لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ هەموو ڕێكخراوەكان و بۆ هەموو كونسوڵخانەكان وڵاتان و ئەوانەی كە لەپێشتریش هاوكاری حكومەتی هەرێمییان كردووە ئێمە چەند جارێك بە نوسراوی فەرمی داوامان لێكردوون كەهاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.

لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە بەشێك لە كونسوڵخانەكان هاوكاریان بوون، بەڵام "بەشێوەیەكی سەرەكی وەزارەتی تەندروستی پشتی بەستووە بەوگوژمە داراییەی كەتەرخان كراوە بۆ سنوری بەڕیوەبەرە گشتیییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. "

ئەوەشی روونكردووەتەوە وەزارەتی تەندروستی "بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵی دابینكردنی هەموو ئەو دەرمانە پێویستیانەیە كە لە پڕۆتۆكۆڵی وڵاتان بەكاردەهێنرێت، تا ئێستا هەر دەرمانێك كە سوودی لێ وەرگیرا بێت و بەكارهێنرابێت بۆ ئەم ڤایرۆسە". 

بەڕێوەبەری كۆگای دەرمانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات لە دابینكردنی دەرماندا پشكیان لەو دەرمانانە هەیە كە حكومەتی عێراقی بە دەستی دەهێنێت و بە بیریشی دەهێنێتەوە ئەگەر هاوڵاتیانی هەرێم "بەشێوەیەكی هۆشیارانە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە مامەڵە نەكەن ئێمە ناتوانین بگەینە خاڵی كۆتایی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێت هاوڵاتیان بگەنە ئەو بڕوایەی كە خۆیان بپارێزن". 

دیار ئیبراهیم دەشڵێت: ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات هەم تووشی كەمی پێداویستی پزیشكی دەبین و فشارێكی زۆریش دەكەوێتە سەر كەرتی تەندروستی.


ڕیکلام