دهۆک.. هۆکارى گرانى نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئاشکرادەکرێت

  2020-08-06  | 
وێنەى نوینەرى مۆلیدە ئەهلیەکانى دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەرى خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکانى دهۆک رایگەیاند، ئیدارەى پارێزگا و خودى پارێزگار بەرپرسن لە گرانبوونى نرخى ئەمپێری مۆلیدەى ئەهلى لەسنورى پارێزگاکە.

بە جیاواز لە پارێزگاکانى دیکە، لە پاریزگاى دهۆک بۆ هەر ئەمپێرێک کارەباى مۆلیدە بۆ مانگى نەمموز نۆ هەزار و 250 دینار دیاریکراوە، ئەو نرخەش لەلاى هاوڵاتیان نیگەرانى لێکەوتەوە.

لەوبارەیەوە هەکار هروری نوێنەری خاون مۆلیدە ئەهلیەکانی پاریزگاى دهۆک بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو داوایان لە ئیدارەی پارێزگا و خودی پاریزگاری دهۆک کرد، بۆ دابینکردنى گاز بۆ کارکردنى مۆلیدەکان، تا نرخى ئەمپێرى کارەبا لەسەر هاوڵاتیان گراننەکرێت.

وتیشى، ئیدارەى پارێزگاو و خودى پارێزگاریش هیچ وەڵامێکى داواکاریەکانیانى نەداوەتەوە و لەو مانگەشدا بڕى 280 کاتژمێر کارەباى مۆلیدە بەهاوڵاتیان دراوە لە بەرامبەردا بۆ هەر ئەمپێرێک بڕى زیاتر لە نۆهەزار دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە ئیدارەى پارێزگا گازیان بۆدابینبکات، ئەگەرنا نرخى ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان لەدهۆک هەر بە گرانی دەمێنێتەوە


ڕیکلام