پارێزگاری هەولێر: لە دوو مانگدا كێشەی تۆڕی ئاوی گەڕەكەكانی ڕواندز چارەسەر دەكەین

  2020-08-06  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا لە ماوەی دوو مانگدا كێشەی ئەو گەڕەكانەی لە رەواندز بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت چارەسەر بكات و تۆڕی ئاویان بۆ دابین بكات.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، سەردانی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ – رەواندزی كرد و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بۆچارەسەركردنی كێشەی بێ ئاوی كۆمەڵێك گەڕەكی سنوری قەزای ڕواندز كە چەندین ساڵە بەتانكەر لەناو سەنتەری قەزاكە ئاویان بۆ دابیندەكرێت، بڕیارماندا ئەمڕۆ دەست بكەین بە دانانی تۆڕی ئاو بۆ ئەوگەڕەكانە. 

ئەو گەڕەكانەی لە قەزاكە بە تانكەر ئاویان بۆ دابینكراوە هەریەكە لە گرەِەكەكانی (كانی، نەورۆز، كۆمەڵگەی لاوان، گوندی بەرزێوە، گوندی چۆمەخێن، بەرگركەی نوێ، بانە زێوك، بێ نوریان)ە. 

سەردانەكەی پارێزگاری هەولێر بەیاوەری مەسعود كاڕەش جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەر بوو  پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "دانانی تۆڕی ئاو لەو گەڕەكانە كە ئەمڕۆ بڕیارماندا جێبەجێی بكەین بەگوژمەی (300) ملیۆن دینار لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر" جێبەجێ دەكرێت. 

دابینكردنی ئاو لە رێگەی تانكەرەوە بۆ ئەو چەند گەڕەكە ساڵانە تێچووی 150 ملیۆن دینار بووە سۆفی لو بارەیەوە وتی "بە تێچووی دووساڵی دابینكردنی ئاو بەتەنكەر لەوگەڕەكانە، دەتوانین كێشەی چەندین ساڵەی دانیشتوانی ڕەواندز بەیەكجاری و بۆ هەمیشە چارەسەربكەین و كۆتاییش بەو بەهەدەردانەی پارەیە بێنین".


ڕیکلام