چل پەنابەری کورد بەخواستی خۆیان لە یۆنانەوە گەڕانەوە کوردستان

  2020-08-06  | 
ڕاپۆرتەکان باس لە ڕەوشی نالەباری پەنابەران دەکەن لە کامپەکانی یۆناندا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ۱۳٥ هاوڵاتی عێراقی بەشێوەی ئارەزوومەندانە لەوڵاتی یۆنانەوە گەڕانەوە عێراق، کە لە ناویاندا ۱۷ هاوڵاتی کوردی سەر بە پارێزگای هەولێر و ۲۳ هاوڵاتی سەر بە پارێزگای سلێمانی تێدا بوو .

ئاری جەلال سەرپەرشتیاری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، هەر هاوڵاتییەک بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە، بڕی دوو هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان، لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ (شۆرش خالید ) باڵوێزی عێراق لەیۆنان ڕایگەیاند، هەر پەنابەرێکی عێراقی کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی یۆنانە دەیەوێت ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە هاوکاری کارئاسانی بۆ دەکرێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە ، بۆ سەرجەم تاکەکان کە بە شێوەی خێزانی دەژین، لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بۆ هەر تاکێکیان بێ جیاوازی هەمان بڕە پارە وەردەگرێت .

ڕاشیکەیاند ، بڕی ئەو هاوکاریە سەرجەم ئەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەگرێتەوە ، کە لە پێش ڕێکەوتی (1-1-2020) چونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتە .

نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان ڕاشیگەیاند ، گەڕانەوەکە ئارەزوو مەندانەیەوە هەر کەسێکیش دەیەوێت بگەڕێتەوە ، بۆناونوسین و ڕێکار و ڕێنمایەکانی خۆتۆمارکردن ، دەبێت سەردانی باڵوێزی عێراق بکات لە ئەسینای پایتەختی یۆنان .

لە ماوەی ڕابردوودا میدیای جیهانی و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر دۆخی پەنابەران لە ئەوروپا و لە یۆنان بە تایبەت بڵاوکردەوە، کە پەنابەرانی کامپەکان لە ڕەوشێکی زۆر نالەباردان.



ڕیکلام