عەلی حەمە ساڵح: ئەو قاچاخییەی ئێستا لە کوردستان دەکرێ لە ١٩٩١ وێنەی نەبووە

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەپەیامێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كردوە ڕایگەیاندوە، بە ئاشكرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەكەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەكەن.

عەلی حەمە ساڵح لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەتی کردوە نوسیویەتی،"ئەمڕۆ لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار،  کە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون  بەدواداچونمان کرد، بۆ ئەم قاچاخی و تاڵانیەی کە ھەیە، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت لە ١٩٩١ یش نەبوە".

راشیگەیاندوە، بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن، ئەمڕۆ بەڕادێک خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە چوار ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە ١٢ ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت، ئێستا تەنھا لە قاچاخی جگەرە مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار دەبردرێت.

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی ئاشکراکردوە، ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکەو بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت، بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا کۆمپانیایەکە، لە سحێلاوە دوو سەر حەیوان بە ٣٥ ھەزار داخڵدەکەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە. 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان باسی لەوەشکردوە، "ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخکاریە بەروکەش ھیچ چەند کەسێکە، بەڵام بە دڵنیایی لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشتە  ئەگەرنا ناکرێت.

ھەر لەو پەیامەدا عەلی حەمە ساڵح بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دەڵێت: " لە مانگی ١٢ی پار رابردوەوە، بەو پەڕی وردەکاریەوە چی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات، خستمە بەردەست جەنابتان، لەبری ئەوەی چاکبکرێت ئێستا تاڵانی زیادی کردوە، ئەو بێشەرمیەی ئەوڕۆ من لەدزی و قاچاخی بینیم، سەیر بوو".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختیکردوەتەوە، "فەرموون ئەوە ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم بەشێکن لەم قاچاخیە، بەیەک بڕیار ڕێگای لێدەگیرێت، لە ھەر سنورێک قاچاخی بکرێت، ئەو ھێزەی لەوێیە فەسڵی بکەن و فەرمون ناوی ھەرچی قاچاخچی و بەردەست و کۆمپانیایە پێیاندەڵێت، ڕایبگرن".
داڕشتنەوە: شادان حەسەن 


ڕیکلام