دهۆک..کۆرۆنا کەوتووەتە نێو گەڕەکەکان و دۆخەکە بەرەو مەترسی گەورە دەڕوات

  2020-08-07  | 
 مازن شنگالی
سەرپەرشتیاری چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا لە دهۆک ڕایگەیاند، کۆرۆنا کەوتووەتە نێو گەڕەکەکان دۆخەکە بەرەو مەترسی گەورە دەڕوات.

موئەیەد ئەغاڵی، سەرپەرشتیاری چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە دهۆک بە (تؤڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە ئیستادا خەڵکێکی زۆر تووشی کۆرۆنا دەبن، کە سەرچاوەی تووشبوونیان نادیارە، ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە و بەڵگەیە بۆ ئەوەى ڤایرۆسەکە کەوتووەتە نێو گەڕەکەکان دۆخەکەش تادێت بەرەو مەترسی زیاتر دەڕوات .

وتیشى، تائیستا ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە دهۆک گەیشتووەتە ٩٩٤ کەس، هاوکات لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووش دا ٩٢ حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارکراون، لەکۆى ژمارەى تووشبووانیش 13 کەسیان باری تەمدروستییان ناجیگیرە وە دوو کەسیشیان لە ئێستادا لەسەر ئامیری هەناسەی دەستکرد دەژین .

ئاماژەى بەوەشکرد، لە پارێزگای دهۆک بە هیچ شێوەیەک کێشەی نەمان یاخود کەمیی ئۆکسجینیان نییە وە هیچ نەخۆشێکیش بەهۆی کەمی ئۆکسجینەوە گیانی لەدەست نەداوە .

داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات، پابەندی ڕێنمایەکانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی دۆخەکە لەدەستیان دەرنەچێت.



ڕیکلام