هۆشیار عەبدوڵا: رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا سەریشبگرێ تەمەنی یەك دوو مانگ تێپەڕنەكات

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند‏، ئەو هەوڵانەی ئێستا هەن لەنێوان هەرێم و بەغدا، زیاتر هەوڵی پینە و پەڕۆن نەك رێككەوتنێكی تۆكمە، ئەگەر سەریشبگرن تەمەنیان یەك دوو مانگ زیاتر تێپەڕنەكات.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری عێرا قلە فراكسیۆنی گۆڕان، رایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی بودجەی ۲٠۲۱ ە، رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد پێویستە لەو یاسایەدا جێگەی بكرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك رایگەیاند "‏تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی باسی رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نەهاتۆتە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، هەركاتێكێش بێتە پەرلەمان دەبێ وەڵامی پێویست و قەناعەت پێهێنەری سەبارەت بە دۆسێی نەوتی هەرێم تێدابێت بۆئەوەی لە پەرلەمان بتوانرێت كاری بۆ بكرێت و لە یاسای بودجەدا جێی بكرێتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق  ئاماژە بەوە دەكات "‏فایلی نەوت بەهۆی جۆری گرێبەست و رێككەوتنی نهێنی و بەسەوزی فرۆشتنی پێشوەختەوە، بۆتە كۆڵێكی گران بە شانیی هەرێمەوە! خەڵك و موچەخۆران باجەكەی دەدەن و تا ئەم لەحزەیەش نیعمەتە بۆ بنەماڵە سیاسیەكان، كێشە و گەندەڵیی و ئاڵۆزیەكانی نەوتی هەرێم هۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە".

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە كە وا بریارە لە هەفتەی داهاتوودا شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ تەواو كردنی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی. 


ڕیکلام