لوبنان لەبەردەم دووەم تەقینەوەی گەورەدایە

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توێژینەوەیەكی ئەمریكی ئاشرایكردووە، لوبنان لە لێواری داڕمانی یەكجاریدایە سەرەكیترین هۆكاریش ئێران و حزبوڵان.


ڕۆژێك پێش تەقینەوەكەی بەیروت، پەیمانگای بەرگری لە دیموكراسییەت كە پەیمانگایەكی ئەمریكییە ئاماژەی بە ڕوودانی تەقینەوەیەكی بەهێز لەو وڵاتەكردووە كە زۆربەی سێكتەرەكانی ئەو وڵاتە ئیفلیج دەكات.

بەپێی لێكۆڵینەوەی پەیمانگاكە، لوبنان لەماوەكانی رابردوودا دوچاری كۆمەڵیك كێشە و قەیران بووە كە ئەویش خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو و دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی بووە كە ئەمانەش كاریگەرییان لەسەر دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە هەبووە.

قەیرانی دارایی، حكومەتی بەیروتی دەستەوەستان كردووە لە دانەوە ئەو قەرزانەی لەسەریەتی كە بڕەكەی یەك ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە و، بەهۆی ئەوەی بەردەوامیش سووی چووەتە سەر بڕەكەی بووە بە یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

بەپێی ڕاپۆرتەكە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە لوبناندا، دەبێتە هۆی داتەپینی ئابوری ئەو وڵاتە لە داهاتوودا و هۆكارەكەشی بۆ بوونی حزبوڵا و هاوكارییەكانی  ئێران بۆ ئەو حزبە دەگەڕێتەوە.

پەیمانگا ئەمریكییەكە ئاماژە بەوەدەكات،  بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لوبنان ئەو وڵاتە پێویستی بە ٩٣ ملیار دۆلارە بەڵام دیسان پێدانی ئەو بڕە لەلایەن وڵاتانەوە بە دوور دەزانێ و جەختدەكاتەوە تاوەكو حزبوڵا لەو وڵاتەدا بێت و ئێرانیش هاوكارییان بكات، هیچ وڵاتێك ئامادە نییە هاوكاری لوبنان بكات.

كە وڵاتان پێیانوایە لە ئێستادا حزبوڵا بەشێكی زۆری ناوچەكانی لوبنانی لەژێر دەستدایە بۆیە هەر هاوكارییەك ڕەوانەی لوبنان بكرێت، ڕاستەوخۆ حزبوڵا دەستی بەسەردا دەگرێت و دەچێتە گیرفانی سەركردەكانی ئەو حزبەوە.

پەیمانگا ئەمریكییەكە دەڵێت، حزبوڵا دەوڵەتێكی بچوكە لەناو دەوڵەتی لوبنان، ئەو حزبە وەزارەتی تەندروستی لوبنانی لەژێر دەستدایە و هاوبەشی زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتەیە، لەكاتێكدا ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و كەنداو، حزبوڵا بەگروپێكی تیرۆریستی دەناسێنن.
  
بەپێی ڕاپۆرتەكە، حزبوڵا كۆنتڕۆڵی سیستمی دارایی لوبنانی كردووە، لەكاتێكدا سیستمی دارایی ئەو وڵاتە پڕیەتی  لەگەندەڵی و دامەزراوە داراییەكانی حكومەتی لوبنان، خراونەتە ژێر گومان ولێپرسینەوەی دادگاكانی ئەمریكاوە  بۆچونیان وایە ئەو بانكانە پارە بۆ حزبوڵا دابین دەكەن و ئاسانكاری دەكەن لە گواستنەوەی پارەكان بۆ میلیشیاكانی عێراق لەپێنا و پشتگیریكردنی كردەوەكانیدا.
  
سەبارەت بەو ناوچانەی لوبنان كە لەژێر دەستی حزبوڵادایە، ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە باشووری لوبنان و كەرتی بەیروت و بەشێكی بەرچاوی دۆڵی بیقاع لەژێردەستدایە.

هەروەها كۆگایەكی گەورەی مووشەكیی هەیە كە لە كۆگای وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گەورەترە، و ئێران زیاتر لە ١٥٠ هەزار مووشەكی بەحزبوڵاداوە و لەماوەی رابردووشدا تەقەمەنی زیرەكی بەدەستهێناوە كە دەتوانێ بەهۆیانەوە مووشەكەكانی ئاراستەی ناوچە مەدەنینشینەكانی ئیسرائیل بكات و وێرانیان بكات كە  ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل بیر لە گورزی دەستپێشخەر بكاتەوە و بە ئاشكراش باسی بكات.

جەیمس ریكاردز كە پسپۆرێكی ئابووریە ڕاگەیاندووە بەیروت پێویستی بە ٦٧ ملیار دۆلار هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە كەرتی بانكیدا ئەمە جگە لەوەی ٢٢ ملیار دۆلار زیانی بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە و بەبڕی چوار ملیار و ٢٠٠ملیۆن ملیار دۆلار بەهۆی دواكەوتنی دانەوەی قەواڵەكانەوە و پارەی پێویستیش بۆ رزگاركردنی ئابووریی لوبنان ٩٣ ملیار دۆلارە.

پەیمانگا ئەمریكییەكە بۆچوونی وایە دوو هۆكار هەن بۆ بوونی ئەو بڕە قەرزە زۆرەی سەر لوبنان كە یەكەمیان ئەوەیە بانكەكانی لوبنان پارەی كاشیان بە دراوی بیانی لە لوبنانییەكانی ناو وڵات و دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، هەروەها هۆكاری دووەم ئەو پارەیەیە كە حزبوڵا بەهۆی بازرگانی هۆشبەر و كاری دیكەی نایاساییەوە بەدەستیهێناوە.

   
ئەو پسپۆڕە ئابورییە باسی لەوەشكردووە لوبنان ٢٨٦،٦ تۆن زێڕی هەیە و یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێرە و كە نرخی هەر ئۆنسەیەك لە زێڕەكەی هەزار و ٨٠٠دۆلارە، كە بەمەش  دەتوانێت لەڕێگەی زێڕەكەیەوە بتوانێت ١٦ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەم زێرەوش ناتوانێت ئەو وڵاتە لە قەیرانی دارایی دەرباز بكات، بەڵام ئەگەر بێت و چاكسازی بكرێت، ئەوا لەوانەیە لە داهاتوودا هیوایەك بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لوبنان بە ئاشكرا لەژێر دەستی حزبوڵا و ئیراندایە، لەكاتێكدا ئێران خۆی بەدەست گەندەڵی و كەموكورتی سیاسییەوە دەناڵێنێت و قەرزێكی زۆری لەسەرە وئەمە جگە لەو قەیرانانەی بەهۆی كۆرۆناوە توشی هاتووە و لە حاڵەتی ئێستاشدا ئەو وڵاتە تەنیا بە پلانی ڕزگاركردن، ڕزگاری نابێت، بەڵكو پێویستی بە چاكسازی گشتگیر هەیە لە بانك و سیستمی سیاسیدا.


ڕیکلام