فراکسیۆنی پارتی: هەرێم و بەغدا لە رێککەوتن نزیکن

  2020-08-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دانوستاندکاری هەرێم، سەردانی بەغدا بکات، سەرکردەیەکی سوننەکانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكان سەردانی بەغدا بكەن، لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیە.
دەشڵێت، بەردەوامبوونی دانوستان و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیریی هەردوو حكومەت بێت، ئەگەر هەردوولاش بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت، لێکنزیکبوونەوەی باشیش لەنێوان هەردوولاهەیە.
هاوکات، عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، عێراق بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێکی دیکە پێویتی بە سەقامگیری ھەیە تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامی دانوستان لەنێوان هەردوولا پێویستە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە و هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە هۆی سەقامگیری بۆ هەموو عێراق.

ئەو سەرکردە سونییە جەختیکردووەتەوە، سەقامگیریی هەرێم، واتا سەقامگیریی هەموو عێراق، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق لەگەڵ هەرێم بگاتە رێككەوتن، هاوکات، پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێبكرێت، چونكە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی عێراق بە گشتی.



ڕیکلام